لوبنان و كوردستان پەیوەندییە بازرگانی بنیاد دەنێنەوە

بەمەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و لوبنان وەفدێكی باڵای لوبنان سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردو واش بڕیارە كونسوڵخانەی لوبنان لە كوردستان بكرێتەوە.

ئێوارەی رۆژی 4-12-2018 وەفدێكی لوبنان كە جوبران باسیل وەزیری دەرەوەی لوبنان سەرۆكایەتی دەكرد هەریەك لە وەزیرانی دژە گەندەڵی و بازرگانی و دارایی و نەوت وزە یاوەری وەفدەكەبوون.

لە سەردانێكیاندا بۆ ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان دوای كۆبوونەوە لەگەڵ بازرگانانیی هەرێم، جبران باسیل وەزیری دەرەوەی لوبنان بۆ رۆژنامەنووسان وتی: "لەم سەردانەماندا بۆ هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك بابەتمان بۆ روونبووەتەوە كە دەبوو قسەیان لەسەر بكەین و ئێمە بەردەوام دەبین لە هاندانی كۆمپانیاكانمان بۆ ئەوەی لە هەرێمی كوردستان كاربكەن و لە بوارەكانی پەروەردە و تەندروستی و كشتوكاڵ و وەبەرهێنان و كەرتە جیاوازەكانی دیكەدا پرۆژەكانیان بنیاد بنێن".

باسی لەوەشكرد كە دوای تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی سەختی هەرێمی كوردستان هەوڵی گەراندنەوەی پیاوانی خاوەن كار و سەرمایەی لوبنانی بۆ كوردستان دەدەین و بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان كاربكەن.

لەلایەن  خۆشیەوە دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان باسی لەوەكرد "كە ئەو شاندەی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان كە چەندان كاربەدەستی لوبنانی تێدایە، ئێمە تێبینییەكانی خۆمانمان پێشكەش بە شاندەكە كرد بۆ ئەوەی بتوانرێت كەرتی بازرگانی و وەبەرهێنان لە كوردستان پەرەپێبدەن و ئێمەش هەموو هاوكارییەكیان پێشكەش دەكەین".

دارا خەیات باسی لەوەشكرد كە پەیوەندی بازرگانی نێوان هەرێم و لوبنان لە رووی بازرگانییەوە باشە بەڵام داخرانی خاڵە سنورییەكانی نێوان عیراق و سوریا كاریگەری خۆی هەبووە، ئێستاش پەیوەندییەكان بەردەوامن و زیاتریش هێڵە ئاسمانییەكان بەكاردەهێنن.

كۆمپانیاكانی لوبنانی لە سەرەتای ساڵی 2008ەوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و دەیان پرۆژەی بازرگانی و وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانیان لە كوردستان دامەزراندووە بەرلە قەیرانی دارایی 1000 كۆمپانیای لوبنانی  و20 هەزار كرێكار لە كوردستان كاریان دەكرد، بەڵام ئێستا 500 كۆمپانیا و 4 هەزار كرێكاری لوبنانی لە كوردستان كاردەكەن.
 
نه‌وا


PM:02:06:05/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 62 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌