مەرجی سەلامەتی لە بازاڕەكانی سلێمانی جێبەجێدەكرێت

بۆ رێگریكردن لە رووداوی نەخوازراوی ئاگركەوتنەوە لەسلێمانی، گرفت‌و كەموكورتییەكانی سیستمی كارەباو بەرگری شارستانی چارەسەر دەكرێت‌و قائیمقامی شارەكەش دەڵێت: «پێویستە لە ماوەیەكی كەمدا خاوەنی دوكان‌و بازاڕەكان پابەندبن بە جێبەجێكردنی مەرج‌و رێنماییەكانی سەلامەتی».

لە ئاستێكی پێویستدا نییە
بەمەبەستی جێبەجێكردنی مەرجەكانی سەلامەتی لە بازاڕ و مۆڵ‌و شوێنە گشتیەكان، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا كۆبووەوەو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی وتی: «سیستمی كارەباو بەرگری شارستانی‌و بەگشتی رێوشوێنەكانی سەلامەتی لە دوكان‌و بازاڕەكان بەتایبەت «دوكانەكانی نێو بازاڕی سلێمانی» لە ئاستێكی پێویستدا نییەو بڕیاری چارەسەركردنیان دراوە».
قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بۆ رێگری كردن لە رووداوی نەخوازراو بەتایبەت رووداوی ئاگركەوتنەوە پێویستە خاوەنی دوكانەكان پابەندبن بە مەرجەكانی سەلامەتی‌و لیژنە پەیوەندیدارەكانیش بەدواداچوون بۆ جێبەجێ كردنیان دەكەن.

مەرجێكی سەلامەتی تێدا نییە
ئاوات محەمەد باسی لەوەشكرد، ئەوەی پەیوەست بێت بە حكومەتی خۆجێی سلێمانی لە بازاڕەكان هاوكاری خاوەنی دوكانەكان دەكرێن بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا گرفتەكانی سیستمی كارەباو بەرگری شارستانی چارەسەربكەن.
روونیشكردەوە، ماوەی چەند رۆژێك مۆڵەت دەدرێتە خاوەنی ئەو شوێنانەو پێویستە پەلە بكەن لە چارەسەركردنی گرفتەكانیان بەتایبەت راكێشانی وایەری كارەبا كە هیچ مەرجێكی سەلامەتی تێدا نییە.
قائیمقامی سلێمانی راشیگەیاند، لیژنەی سەلامەتی سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەدواداچوون بۆ هەموو گرفتەكان دەكات‌و خاوەنی دوكانەكان لە كەموكورتی‌و سەرپێچیەكانیان ئاگاداردەكاتەوەو پابەندیان دەكات بە جێبەجێكردنی مەرج‌و رێوشوێنەكانی سەلامەتی.
وتیشی:»ئامانجیان لەم كارە پاراستنی گیانی هاووڵاتیان‌و كاسبكاران‌و رێگری كردنە لە رووداوی ئاگركەوتنەوە و كارەساتی نەخوازراو».

سزا دانراوە
لای خۆیەوە، سەرۆكی داواكاری گشتی سلێمانیش پاڵپشتی خۆی بۆ هەنگاوەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەربڕی‌و رایگەیاند، بە یاسا سزای بۆ ئەو كەسانە داناوە كە پابەندی مەرج‌و رێنماییەكانی سەلامەتی نابن.
بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سلێمانیش رایگەیاند، لە هەوڵی تەواودان بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان‌و داواشی لە دوكانداران‌و كاسبكاران كرد، پابەندی مەرج‌و رێوشوێنەكانی سەلامەتی بن.


PM:01:19:04/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 235 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌