حكوومه‌تی عێراق بڕیاری دا له‌مه‌ودوا له‌سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنووریه‌كان ته‌نها یه‌ك باج وه‌رده‌گیرێت


حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ بڕیاری دا وه‌رگرتنی باجی دووه‌م كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كاڵا و كه‌لوپه‌لانه‌ داینابوون کە له‌ رێگای ئه‌و ده‌روازه‌ سنووریانه‌وه‌ دێنه‌ عێراق كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ژێر كۆنتڕۆڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ڵبگرێت.

نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدی رایگه‌یاند له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا بڕیار دراوه‌ ته‌نها یه‌ك باج وه‌ربگیرێت له‌ سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان به‌و ده‌روازه‌ سنووریانه‌یشه‌وه‌ كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ژێر كۆنترۆڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیاری داوه‌ به‌ مه‌به‌ستی كارئاسانی له‌ راییكردنی كاره‌كاندا هه‌موو به‌ربه‌سته‌كانی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق هه‌ڵبگرێت. 

له‌ رێگای ئه‌م بڕیاره‌وه‌ ئه‌م كاڵا و كه‌لوپه‌لانه‌ی له‌ توركیا و ئێرانه‌وه‌ دێنه‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌نها له‌ رێگای حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ گومرکیان لێ وه‌رده‌گیرێت و حكوومه‌تی فیدراڵ باجی دووه‌م هه‌ڵده‌گرێت كه‌ پێشتر داینابوو.

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر جار داوای له‌ حكوومه‌تی عێراق كردبوو كه‌ باجی دووه‌م له‌سه‌ر كاڵا و كه‌لوپه‌لی هاورده‌ هه‌ڵبگرێت. پێده‌چێت ئه‌م بڕیارانه‌ ده‌بنه‌ هۆی ئاساییبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی حكوومه‌تی فیدراڵ و حكوومه‌تی هه‌رێم كه‌ دوای گشتپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆیی گرژی كه‌وتبووه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیانه‌وه‌.

له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا هه‌ردوو ده‌روازه‌ی سنووری خابور و ئوزوملو و له‌ نێوان هه‌رێم و ئێرانیشدا ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی باشماخ، په‌روێزخان و حاجی ئۆمه‌ران هه‌ن.


PM:03:20:22/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌