گەورەترین كارگەی تایبەت بە بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتون لە هەڵەبجە دەکرێتەوە


كارگەكە لە لایەن گرووپی كۆمپانیاكانی هەڵەبجە كە سەربە كەرتی تایبەتە لە میانی چوار مانگدا دامەزراوە و هەفتەی رابردوو بە رەسمی كرایەوە، لەئێستادا ژمارەیەكی زۆری جووتیارانی ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان رۆژانە بەرهەمەكانیان دەبەنە ئەو كارگەیە و زەیتی زەیتونی لێ بەرهەم دەهێنن.

بەڕێوەبەری كارگەكە، پەیام سەیوان رایگەیاند: "پڕۆژەكە زیاتر پڕۆژەیەكی خزمەتگوزارییە بە شارەكە و جووتیارانی هەرێمی كوردستان، ئامانج لێی ساغكردنەوەی بەرهەمی زەیتونی خۆماڵی جووتیاران و هاندانی جووتیارانە بۆ زیاتركردنی رێژەی سەوزایی و دابینكردنی هەلی كار لە ناوچەكە". 

پەیام سەیوان وتی: "لە كارگەكەدا پێشكەوتووترین ئامێر بەكارهاتووە كە دروستكراوی ئیتاڵیایە و لە 14 بەش پێكهاتووە، توانای بەكاربردنی 120 تۆن زەیتونی هەیە لە 24 كاتژمێردا، ئەو رۆنەشی بەرهەم دەهێنرێت تەواو سروشتییە و لە گلاسی EXTRA VIRGIN ە و سوودێكی گەورەی تەندروستی هەیە".

دوای كردنەوەی كارگەكە رۆژانە ژمارەیەكی زۆر جووتیار لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستانەوە زەیتونەكانیان دەبەنە ئەو كارگەیە و زەیتی زەیتونی لێ بەرهەم دەهێنن، بۆ یەك تۆن زەیتون و گۆڕینی بۆ زەیت لە كارگەكەدا بڕی 150 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت و نرخی یەك كیلۆگرام لەو رۆنەش دەگاتە 20 هەزار دیناری عێراقی.

لەئێستادا وەرزی وەرگرتنەوەی زەیتونە لە هەرێمی كوردستان و جووتیاران زەیتونەكانیان دەچننەوە، بەڕێوەبەری كارگەكەش دەڵێت دەتوانن بەرهەمی هەموو جووتیارانی هەرێم وەربگرن و بۆ ماوەی دوو ساڵیش زەیتی زەیتونەكە هەڵبگرنەوە لەگەڵ پاراستنی جۆرەكەی.

عەبدوڵڵا عەلی جووتیارێكی ناوچەكەیە كە بەرهەمی زەیتونی ئەمساڵی هێناوە و زەیتی زەیتونی لێ بەرهەم دەهێنێت، ئەو ئاماژەی كرد بەوەی پێشتر كێشەی گەورەیان ساغ نەبوونەوەی بەرهەمەكانیان بووە لە بازاڕدا، بەڵام لەئێستاوە دەتوانن دڵنیابن لە ساغبوونەوەی بەرهەمەكانیان و هەوڵ بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر بدەن.

بەپێی‮ ‬ئامارەكانی‮ ‬وەزارەتی‮ ‬كـشتوكاڵ و سەرچاوەیەكانی‮ ‬ئاوی‮ ‬هەرێم لە هەرێمی ‬كوردستان‮، دە هەزار دۆنم زەوی‮ ‬چێنراو بە زەیتون هەیە كە نزیكەی دوو ملیۆن داری زەیتونیان لەخۆگرتووە، تەنها لە سنووری هەڵەبجە و دەورووبەری زیاتر لە سێسەد دۆنم زەوی چێنراو بە زەیتون هەیە. ‬

لە مانگی تشرینی‮ ‬دووەمی‮ ‬ساڵی‮ ‬2016 بە هەماهەنگی‮ ‬نێوان وەزارەتی‮ ‬كشتوكاڵی‮ ‬حكوومەتی‮ ‬هەرێم و حكوومەتی‮ ‬ئیتاڵیا كـارگەیەی‮ ‬زەیتی‮ ‬زەیتونی‮ ‬هەولێر كرایەوە،‮ ‬كارگەكە ساڵانە بۆ ماوەی‮ ‬دوو مانگ كار دەكات و لە توانایدایە رۆژانە‮ ‬40 ‮ ‬تۆن زەیتون بكات بە رۆن‮.

پێشتر كێشەی گەورەی جووتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ساغكردنەوەی زەیتونەكانیان بوو كە بە پارەیەكی كەم لە بازاڕدا دەیانفرۆشت، بەڵام كردنەوەی ئەو كارگەیە و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان و بەرهەمهێنانی زەیت، دەبێتە هاندەری زیاتر بۆ جووتیاران و بەرهەمهێنانی زیاتری زەیتون لە ناوچەكەدا.

هەرێمی كوردستان لە رووی خاك و ئاووهەواوە گونجاوە بۆ چاندنی زەیتون كە بە بەرهەمێكی خۆراكی گرنگ دادەنرێت و بە هۆی سوودە زۆرەكانییەوە هاووڵاتییان زیاتر روویان لە خواردنی زەیتون و بەكارهێنانی زەیتەكەی كردووە لە دروستكردنی خواردندا.


PM:02:55:18/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 138 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌