ئەمەریكا دەیەوێت نرخی نەوت نزم بكاتەوە و رێگریش لە هەناردەی نەوتی ئێران بكات

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا كەمێك هەڵكشا دوای ئەوەی بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی هەشت مانگی رابردوو دابەزی، بەیانی دوێنێ پێنجشه‌م نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی بۆ 66 دۆلار به‌رز بووه‌وه‌، ئێستەیش بە 67 دۆلار و 71 سه‌نت دەفڕۆشرێت.

پێویستە بوترێت دابەزینی نرخی نەوت لە چەند رۆژی ڕابردوو وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی تووشی سەرسوڕمان كردووە و سەرەڕای ئەوەی كە هەندێك میكانیزمیان بۆ ڕێگریكردن لە دابەزیی نرخی نەوت دانا، كەچی نرخەكە زۆر دابەزی.

بەگوێرەی "DAILYFX" نرخی نەوتی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 16ی تشرینی دووه‌م، نرخی نه‌وتی خاوی ئه‌مه‌ریكی و نه‌وتی برێنت له‌ بازاڕه‌كانی دنیادا به‌م جۆره‌ی لای خواره‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان پێوه‌كرا.

نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاوی ئه‌مه‌ریكا 56 دۆلار و 88 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كراوه‌، و هاوكات یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی برێنت به‌ 67 دۆلار و 71 سه‌نت فرۆشراوه‌.

جگە لە بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی ئەمەریكا و ئەو دەرفەتەی ئەمەریكا بە هەندێك وڵاتی داوە نەوتی ئێران بكڕن، یەكێكی تر لە هۆكارەكانی دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پێشبینی دەكرێ ئاستی داخوازی بۆ سەر نەوتی دنیا كەم ببێتەوە و پێشتر پێشبینی دەكرا ساڵی داهاتوو ئاستی داخوازی بە بڕی ملیۆنێك و 290 هەزار بەرمیل بەرز ببێتەوە، بەڵام پێشبینییەكە 70 هەزار بەرمیل كەمتر بووەتەوە.

نرخی نەوت لە كاتێكدا رووی لە كەمبوونەوە كردووە كە دوای دەستپێكردنی سزاكان دژی ئێران كە لە پێنجی ئەم مانگە دەستی پێ كرد، پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەكرا.

سیاسەتی ئەمەریكا ئەوەیە لە لایەك نرخی نەوت نزم بكاتەوە و لە لایەكی تریش رێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران بكات كە لەو كاتەدا كاریگەریی سزاكان زیاتر دەبن.

نەوت لەو بەرهەمە گرنگانەیە كە ڕووداوەكانی دنیا راستەوخۆ كاریگەری لەسەر دادەنێت و هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەك لە بەرهەمهێنان ئەوا كاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی نەوت دەبێت.



PM:04:56:16/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 73 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌