"گازی سروشتی دەبێتە دەروازەیەكی گەورە بۆ هەرێمی كوردستان"


ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی لیژنەی ووزە و سامانە سرووشتییەكان لە خولی پێشووی پەرلەمان، شێركۆ جەودەت رایگەیاند، گازی سروشتی دەبێتە دەروازەیەكی گەورە بۆ هەرێمی كوردستان و داهاتەكەشی كەمتر نابێت لەو داهاتەی لە نەوتەوە دەستی دەكەوێت.

شێركۆ جەودەت وتی: "زۆرینەی بڕی گازی سروشتی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ناوچەی كۆڕمۆر لە نزیك چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی و بڕێكی زۆر یەدەگی گازی سروشتی تێدایە كە نزیكەی لەسەدا 80ی یەدەگی گازی سروشتی هەرێم پێكدەهێنێت لە بەرامبەردا لەسەدا 70ی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك".

شێركۆ جەودەت وتیشی: "داهاتی گازی سروشتی هیچی كەمتر نییە لە داهاتی نەوت و ئێستا هەرێمی كوردستان سەرقاڵی پڕۆژەیەكی ستراتیجییە بۆ ئەوەی لە رێگەی توركیاوە گازی سروشتی خۆی بە بۆری رەوانەی دەرەوە بكات و ببێتە یەكێك لە جێگرەوەكانی گازی سروشتی رووسیا كە پێشتر رەوانەی ئەورووپا دەكرا و بە هۆی داخستنی رێگای ئۆكرایناوە ئەو رێگایە نەما، ئێستا هەرێم دادەنرێت بە جێگرتنەوەی ئەو، ئەگەر هەرێمی كوردستان بزانێت چۆن بە دروستی مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا بكات ئەوا دەبێتە دەروازەیەكی گەورە بۆی و داهاتەكەشی كەمتر نابێت لەو داهاتەی لە نەوتەوە دەستی دەكەوێت".

لە بارەی بڕی یەدەگی گازی سروشتی هەرێم، شێركۆ جەودەت وتی: "ئەو ئامارانەی هەیە ئاماری نافەرمین و حكوومەت بۆ خۆی ئامارێكی تەواوی لە لا نییە لەو بارەیەوە، ئەوەی هەیە یەدەگی گازی سروشتی هەرێم بە سێ‌ ترلیۆن مەترسێجا مەزندە دەكرێت".

ئەو هەروەها وتی: "حكوومەتی هەرێم وەك مەلەفێكی داخراو مامەڵە لەگەڵ پڕۆژەی ستراتیجی راكێشانی بۆری گازی سروشتی بۆ توركیا دەكات، زانیاری تەواومان لەسەر پڕۆژەكە نییە و نازانین دوای ئەوەی دەستیپێكردووە پڕۆژەكە بەكوێ‌ گەیشتووە".

ئەو باسی لەوەش كرد لە هەرێمی كوردستان چەند كۆمپانیایەك لەوانەش دانا غاز و گەنەڵ ئێنرجی توركی وەبەرهێنان دەكەن لە گازی سروشتی هەرێم، بەڵام تا ئێستا حكومەت هیچ داتا و زانیارییەك لە بارەی كار و داهاتی گاز ئاشكرا ناكات.

لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا و لە بارەی بڕی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە لە ئێستادا، شێركۆ جەودەت وتی: "بەپێی زانیارییە وردبینی نەكراوەكانی حكوومەتی هەرێم كە بڵاویكردۆتەوە، بڕی هەناردەی نەوت بۆ دەرەوە زیاترە لە 400 هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا و لە رێگەی بۆری و بەندەری جیهانەوە دەنێردرێتە دەرەوە".

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان باسی لەوەش كرد، سەرەڕای سەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەكانی ئەمریكا لەسەر ئێران، بەڵام تا ئێستا مامەڵەی نەوت و بەرهەمەكانی تری نەوت لە نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە.


AM:11:29:15/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 185 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌