عێراق پێشنیاریكردووه‌ له‌به‌رامبه‌ر غاز, خۆراك و هاوكاری مرۆیی به‌ ئێران ببه‌خشێت

دوو به‌رپرسی حكوومه‌تی عێراق، به‌ ئاژانسی هه‌واڵی ڕۆیته‌رزیان ڕاگه‌یاندووه‌: عێراق له‌گه‌ڵ ئێران رێككه‌وتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌م و كه‌لوپه‌له‌ خۆراكییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ غاز و وزه‌ بگۆڕێته‌وه‌.

ئه‌و دوو به‌رپرسه‌ باڵایه‌ كه‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی وه‌زاری تایبه‌ت به‌ وزه‌ن، به‌ ئاژانسی هه‌واڵی ڕۆیته‌رزیان ڕاگه‌یاندووه‌: حكومه‌تی عێراق ئێستا له‌ هه‌وڵی وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌مریكادایه‌ سه‌باره‌ت به‌ هاورده‌كردنی غازی ئێرانی كه‌ عێراق بۆ وێستگه‌كانی كاره‌با به‌كاریده‌هێنێت.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مریكا 45 ڕۆژی وه‌ك مۆڵه‌ت به‌ عێراق به‌خشیوه‌ تا  جێگره‌وه‌ی ئێران بدۆزێته‌وه‌و كۆتایی به‌هاورده‌كردنی غازی ئێران بهێنێت, به‌ڵام یه‌كێك له‌و به‌رپرسه‌ عێراقییه‌ ئه‌و مۆڵه‌ته‌ی به‌ كاتێكی كه‌م داناوه‌و وتویه‌تی: ڕاگرتنی هاورده‌ی غازی ئێرانی قه‌یرانێكی ڕاسته‌قینه‌ی كاره‌با دروستده‌كات، هه‌روه‌ها ئه‌مریكاش ئاگاداره‌ كه‌ عێراق چه‌نده‌ پێویستی به‌ غازی ئێرانی هه‌یه‌.

به‌رپرسه‌ عیراقییه‌كه‌ به‌ ڕۆیته‌رزی راگه‌یاندووه‌: عیراق به‌ فه‌ڕمی داوا له‌ ئه‌مریكا ده‌كات كه‌ واده‌ی به‌خشینی هاورده‌كردنی غازی ئێرانی بۆ عێراق درێژبكاته‌وه‌.
ڕۆیته‌رز له‌سه‌رزاری ئه‌و به‌رپرسه‌ عێراقییه‌ ئاشكرایكردووه‌: عێراق پێشنیاریكردووه‌ له‌به‌رامبه‌ر غازه‌كه‌یدا، خۆراك و هاوكاری مرۆیی به‌ ئێران ببه‌خشێت و ئێرانیش ئه‌و پێشنیاره‌ی قبوڵكردووه‌.

ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ دوای سه‌پاندنی به‌شی دووه‌می سزاكانه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌، كه‌ له‌ پێنجی‌ تشرینی دووه‌م له‌سه‌ر ئێران جێبه‌جێكراوه‌، كه‌ كه‌رته‌كانی وزه‌ی ئێرانیشی گرتووه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش هه‌نارده‌كردنی نه‌وت.


AM:10:28:15/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 97 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌