لەمەودوا ئەو هاووڵاتییانەی داهاتی رۆژانەیان لە پێنج دۆلار زیاتر بێت بەشە خۆراکیان پێ نادرێت

بەپێی پڕۆژە یاسایەک کە خوێندنەوەی یەکەمی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ کراوە و هەرێمی کوردستانیش بۆچوونی خۆی دەربارەی پڕۆژە یاساکە خستووەتەڕوو، گۆڕانکاری لە پێدانی بەشە خۆراکی هاووڵاتییان دەکرێت و بەم پێیەش ئەو هاووڵاتییانەی داهاتی رۆژانەیان لە پێنج دۆلار زیاتر بێت بەشە خۆراکیان پێ نادرێت.

لەمبارەوە بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، نەوزاد ئەدهەم رایگەیاند: "ماوەیەک بەر لەئێستا پڕۆژە یاسایەک، سەبارەت بە کۆبوونی خۆراک ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرا و دواتر خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا و پاشان ئەو پڕۆژەیە رەوانەی وەزارەتە پەیوەنددارەکان کرا بە مەبەستی دەربڕینی را و بۆچوونیان بۆ دەوڵەمەندکردنی بابەتەکە، ئێمەش وەک وەزارەتی بازرگانی بۆچوونی خۆمان دا لەسەر ماددەکانی ئەو پڕۆژەیە و گەڕایەوە بەغدا، چاوەڕوان دەکرێت لەم خولەی ئیستادا خوێندنەوەی بۆ بکرێت".

نەوزاد ئەدهەم ئاماژەی بە شێوازی گۆڕانکاری لە پسوولەی خۆراک کرد و وتی: "بەپێی پڕۆژەکە لەجیاتی کۆبوون، کارتی زیرەک بەکار دێت، بۆ ئێمە وەک وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە پشتگیری سیستەمی کارتی زیرەکمان کردووە بۆ ئەوەی ئەو خێزانانەی کە داهاتی رۆژانەیان لە پێنج دۆلار کەمترە ئەوا لەم پڕۆژەیە سوودمەندبن، ئەوەی کە ئێستا لە ئارادایە، ئەوانەی کە مووچەیان لە یەک ملیۆن و نیو زیاترە، ئەوا کۆبوونی خۆراک نایانگرێتەوە، بۆیە ئەوانەی ئێمە پشنیازمان کردووە ئەوانەی داهاتی رۆژانەیان لە پێنج دۆلار کەمترە، ئەوا سوودمەندبن لە کۆبوونی خۆراک و لە ماددەکانی خۆراک، لەبەر ئەوەی لە ئەنجامی ئەو چەند ساڵە خەڵک گۆڕانکاری لە ژیانی ئابووری کراوە، واتا ئەو کەسانەی کە باری داراییان باش نەبوو رەنگە ئێستا باشتر بووبێت و ئێمە وەکو وەزارەتی بازرگانی ئەوە پێشنیاز دەکەین کە لە ساڵانی داهاتوو چاکسازی لە کۆبوونی خۆراکدا بکرێت".

سەبارەت بەوەی بەپێی بۆچوونەکانی وەزارەتی بازرگانی بەڕێژەی چەند خەڵک لەم پڕۆژەیە سوودمەند دەبێت و چەند کەس بێبەش دەبێت، نەوزاد ئەدهەم وتی: "بەپێی خەمڵاندن نزیکەی سەدا ٥٠ کۆبوونی خۆراک دەیانگرێتەوە لە هەموو عێراق، ئەو کاتیش بە شێوی مانگانە دابەشکردنی خۆراک دەیانگرێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو بڕە پارەیەی کە تەرخان دەکرێت لە بوودجەی قانوونی موازەنەی عێراق بەشی ئەوە ناکات کە هەموو مانگێک هاووڵاتی خۆراک وەربگرێت و خۆراکێکی کوالێتی باش وەربگرێت".

لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئەو بڕە داهاتە لەسەر چ بنەمایەک دیاریکراوە، نەوزاد ئەدهەم وتی: "بۆ نموونە کەسێک سێ ساڵ بێت دامەزرابێت و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی نەبێت، ئەوا مووچەکەی ناگاتە ٢٠٠ هەزار دینار و بەپێی ئەم پڕۆژەیەش ئەو کەسە سوودمەند دەبێت لە وەرگرتنی بەشە خۆراک".

نەوزاد ئەدهەم وتیشی: "ئەم پڕۆژەیە پەیوەندی بە کارمەند و خانەنشینەوە نییە و پەیوەندی بە هاووڵاتییبوونەوە هەیە، بۆیە خانەنشین و فەرمانبەر و کەرتی تایبەت دەگرێتەوە، چونکە ئەوەی تا ئێستا وەک رێنماییەکان هەیە، تەنها فەرمانبەری گرتووەتەوە بۆ ئەوانەی داهاتیان لە ملیۆنێک و نیو زیاترە تەنها لەسەر فەرمانبەر جێبەجێکراوە و نەتوانراوە لەسەر کەرتی تایبەت جێبەجێ بکرێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە نزیکەی لەسەدا ٦٠ تا ٧٠ی هاووڵاتییان ئەو خۆراکەی کە وەریدەگرن بە هۆی ئەوەی داهاتییان باشە، دەیفرۆشنەوە و ئەم فرۆشتنەوەش وایکردووە کە بازرگانییەک بە ماددەکە بکرێت و راشیگەیاند کە ئەم دابەشکردنە بۆ ئەوەیە کە ئەوانەی هەژار و کەم دەرامەتن تییایدا سوودەمەند بن.

سەبارەت بەوەی لە میانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە چۆن دەتوانرێت کۆنتڕۆڵی بازاڕ بکرێت لەوەی نرخی خۆراک بەرز نەبێتەوە، نەوزاد ئەدهەم وتی: "دەبێت لە بابەتی خۆراک و هاوشێوەی خۆراک کە لە بازاڕەکاندا هەیە، جیاوازی لە نێوان کەرتی تایبەت و کەرتی گشتیدا بکرێت و لە بازاڕەکانی هەرێم و عێراق بە شێوەیەکی گشتی کەرتی تایبەت ئیشوکاری مامەڵە بازرگانییەکان دەکات و لەم حاڵەتەشدا نرخ دادەبەزێت".

لەئێستادا بەپێی پسوولەی خۆراک چوار ماددە بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت کە بریتین؛ لە ئارد، شەکر، زەیت و برنج و تا ئێستاش هەموو ئەو کەسانەی کە مووچەکانیان لە یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار کەمترە دەتوانن بەشە خۆراکی خۆیان وەرگرن، بەڵام لە حاڵەتی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە یاسایەی کە حکوومەتی عێراق پێشنیازی کردووە ، ئەوەیە کە هەر کەسێک داهاتی رۆژانەی لە پێنج دۆلار زیاتر بێت ئەوا پێدانی بەشە خۆراکی مانگانە نایگرێتەوە.



PM:03:08:13/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 315 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌