پێنج برای بەهرەمەند دەیانەوێت كۆمپانیای دروستكردنی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان دابنێن

لە ناوچەی پیشەسازی چوارقوڕنە لە نزیك شاری رانیە (بە دووری 134 كلم باكووری رۆژئاوای سلێمانی) كەمال سەلیم عەلی و چوار برای تری كە تەمەنیان لە نێوان 25 تا 40 ساڵان دەبێت شوێنكارێكی تایبەت بە خۆیان بەناوی شوێنكاری برایان هەیە، ئەوان لە بواری كاركردن لە ئۆتۆمبێل و چاككردنەوەیدا شارەزا و بەهرەمەندن حەز و خولیایەكی زۆریان بۆ پیشەكەیان هەیە.

كەمال و براكانی لە حەز و خولیای خۆیان بۆ پیشەكەیان، تەنها بە چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلەوە نەوەستاون، بەڵكو دەستیان داوەتە دروستكردنی ئۆتۆمبێل بۆ خۆیان و تا ئێستا چەند ئۆتۆمبێلێكی پێشكەوتویان دروستكردووە كە وەك خۆیان دەڵێن جگە لە بزوێنەر و گێڕ و تایەكان هەموو پارچەكانی تری ئەو ئۆتۆمبێلانە بۆ خۆیان دروستیانكردووە.

كەمال لە بارەی كارەكەیانەوە وتی: "ئێمە پێنج براین و لەم شوێنەدا كار دەكەین و شاگردیشمان هەیە كە هاوكاریمان دەكەن و لە ساڵی 2010 ەوە دەستمان بەم كارە كردووە و تەنها حەز و خولیایەكی خۆمانە كە بۆمان ماوەتەوە و بەردەوامین لەسەری".

ئەو وتی: "تا ئێستا حەوت ئۆتۆمبێلمان دروستكردووە، دروستكردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەش تەنها بۆ حەز و خولیای خۆمان بووە نەوەك بۆ سوود و قازانجی ماددی، زۆرجاریش ئۆتۆمبێلەكان لە پێشبڕكێ‌ و نمایشەكان بەكاردێنین".

دروستكردنی هەر ئۆتۆمبێلێك لە لای ئەوان ماوەی سێ‌ مانگ تا ساڵێكی دەوێت، دیارترین ئۆتۆمبێلیش كە ئەوان دروستیانكردووە ئۆتۆمۆبێلێكی جۆری لامبۆرگینییە كە لە ماوەی ساڵێكدا دروستیانكردووە و زیاتر لە 40 هەزار دۆلاری تێچووە.

كەمال لەو بارەیەوە وتی: "ئەو ئۆتۆمبێلانەی دروستمانكردوون جۆراوجۆرن لە لامبۆرگینی و جێب و بۆگی، لامبۆرگینییەكە ئۆتۆمبێلێكی جیهانییە و لە ماوەی ساڵێكدا بە تێچووی زیاتر لە 40 هەزار دۆلار دروستمانكردووە لە كاتێكدا ئەو ئۆتۆمبێلە نرخەكەی لە جیهاندا زیاتر لە 300 هەزار دۆلارە، ئۆتۆمبێلەكانی تریش لەماوەی نزیكەی سێ‌ مانگ و زیاتر دروستیان دەكەین".

كەمال و براكانی بە هۆی خولیای زۆریان بۆ كارەكەیان چاوەڕوانی هاوكاری حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن و باس لەوە دەكەن ئەگەر هاوكاری بكرێن و حكوومەت مۆڵەتیان بدات و هاوكارییان بكات دەیانەوێت شوێنكارەكەیان گەورە بكەن و بیكەنە كۆمپانیایەكی دروستكردنی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان. 

بە وتەی كەمال، ئۆتۆمبێلەكان بە شێوەیەكی تۆكمە و بەپێی كوالێتی و بوونی مەرجی توندوتۆڵی و دڵنیایی دروستكراون و لە دوای دروستكردنی هەر ئۆتۆمبێلێكیش تاقیدەكرێنەوە تاوەكو لە مەرجەكان و توندوتۆڵی ئۆتۆمبێلەكە دڵنیاببنەوە.



PM:02:57:13/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 341 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌