ئه‌مریكا 45 رۆژ دەرفەت ده‌داته‌ عێراق بۆ كڕینی گازی سروشتی له‌ ئێران


باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا رایگه‌یاند، ماوه‌ی 45 رۆژ دەرفەت دراوه‌ به‌ عێراق بۆ هاورده‌كردنی گازی سروشتی له‌ئێرانه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی واشنتۆنه‌وه‌ سزای به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌.

له‌ ڤیدیۆیه‌كدا كه‌ له‌ پێگه‌ی باڵیۆزخانه‌كه‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ هاتووه‌، "ئه‌مریكا ماوه‌ی 45 رۆژ دەرفەتی كاتیی بۆ عێراق ده‌سته‌به‌ركردووه‌ بۆ كڕینی گازی سروشتی له‌ئێران".

له‌ڤیدیۆكه‌دا كه‌ ده‌بینرێت هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانی باڵیۆزخانه‌كه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی قسه‌ ده‌كه‌ن هاتووه‌، "سزاكانی ئه‌مریكا رژێمی ئێران ده‌كه‌نه‌ ئامانج نه‌ك گه‌له‌كه‌ی".

بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی سووته‌مه‌نی بۆ وێستگه‌كانی كاره‌با، عێراق گازی سروشتی له‌ ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كات.

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا رایگه‌یاند، عێراق له‌سزاكانی سه‌ر ئێراندا له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ چاوپۆشیی لێكراوه‌، چونكه‌ بێلایه‌نه‌ له‌ كێشمه‌كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌دا.

5ی تشرینی دووه‌م ئه‌مریكا ناوی 50 بانكی ئێرانی و زیاتر له‌ 700 كۆمپانیا و كه‌سایه‌تیی خسته‌ لیستی سزاكانه‌وه‌.

هه‌روه‌ها حكوومه‌تی ئه‌مریكا ماوه‌ی 180 رۆژی دیكه‌ی وه‌ك چاوپۆشی بۆ درێژه‌دان به‌ بازرگانییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێران داوه‌ته‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ وڵاتانی توركیا، كۆریای باشوور، ئیتاڵیا، یۆنان، چین، تایوان، هیندستان و ژاپۆن داناوه‌.


PM:04:07:09/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 233 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌