''ئێران بە ڕێککەوتنی نوێ له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا ڕازی دەبێت''

وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا رایگەیاند ''لەگەڵ داسەپانی گەمارۆکان، ئێران بۆ واژۆ کردنی ڕێککەوتنێکی باشتر لە بەرجام، دێتە سەر میزی دانوستان''.

ستیڤ منۆچین وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لە یادداشتێکدا کە لە فاین نەیشناڵ تایمز بڵاوی کردەوە، دەڵێت: "گەڕانەوەی گەمارۆکان، ئێران ناچار دەکات بە واژۆ کردنی ڕێککەوتننامەی ناوەکی باشتر".

ئەو لەو یادداشتەدا وتی: لە یەکەمین کاتژمێرەکانی رۆژی دووشەممە، وەزارەتی خەزێنەداری ڕەوتی گەڕانەوەی گەمارۆکان کە بریتین لە گەمارۆی کەرتەکانی وزە، گواستنەوەی کاڵا و بانکداری لە دژی ئێران چالاک دەکات.  هەروەها ئەمریکا سەدان بابەتی دیکە دەباتەوە سەر لسیتی گەمارۆکان و ٣٠٠ بابەتی نوێش بەو لیستەوە زیاد دەکات.

منۆچین وتیشی: ئەو هەنگاوە بە واتای کۆتایی هێنان بە ئاسانکاری و ئاشتەواییەکانی دەوڵەتی ئۆبامایە کە هیوایەکی بێهوودەی بە گۆڕینی ئاکاری ئێران بوو.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا، ئێرانی بە گەورەترین پاڵپشتی تیرۆریزم زانی وتی ئێران بە خراپ کەڵک وەرگرتن لە سیستەمی دارایی جیهانی، بە دوای دابین کردنی تێچووی حەز و مەیلەکانی شۆڕشدایە.

منۆچین ئاماژەی بەوەش کرد، بەرجام کە بە بڕوای دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا خراپترین و یەک لایەنەترین مامەڵەیە کە ئەمریکا تا ئیستا ئەنجامی داوە، گەیشتۆتە وەرزی کۆتایی خۆی.

ناوبراو وێڕای ئاماژە بە زیادبوونی ناوی ٧٠٠ کەسی دیکە بە لیستی ئەمریکیی کۆمپانیاکانی گەمارۆدراو، وتیشی:  ''گوشاری بەهێز لە دژی ئێران بەربەستێک دەبێ لە بەردەم گواستنەوەی سەرچاوەی ماڵیی جیهان بۆ ئێران و چیتر ئەم وڵاتە ناتوانێ هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی بێت''.

منۆچین لە کۆتاییدا وتی: گوشاری بەهێز لە دژی ئێران ئەو وڵاتە دەهێنێتە  سەر میزی دانوستان بۆ مسۆگەر کردن و واژۆ کردنی ڕێککەوتنێکی زۆر باشتر لە بەرجام.


PM:04:38:05/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 455 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌