کونسوڵی گشتی تورکیا سەردانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی دەکات


بەمەبەستی بەھێزکردنی پەیوەندییە بازرگانیەکان‌و کاری ھاوبەش لەنێوان ھەردولادا، کونسوڵی گشتی تورکیا لە ھەولێر سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوورى بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی پێشوازیانکرد لە "ھاکان کارا جای" کونسوڵی گشتی تورکیا لەھەولێرو كۆبونه‌وه‌.

سیروان محەمەد له‌کۆبونەوەكه‌دا ڕایگەیاند "پێویستە سیاسەت تێکەڵی کاری بازرگانی نەکەین، چونکە ئێمە دوو وڵاتی دراوسێین و چه‌ند خاڵێكى هاوبه‌ش کۆمان دەکاتەوە بۆیە پێویستە ھاوکاری یەکبین کە لەئێستادا ڕەوشی عێراق بەرەو باشتر دەڕوات شەڕی داعش نەماوە قەیرانی دارایش بەرەو کۆتایی دەچێت و نرخی نەوت بەرزبۆتەوە".

ڕاشیگەیاند "بازگە نافەرمیەکانی نێوان عێراق و ھەرێم کە داندراوە لە نێون موسڵ و کەرکوک کێشەیان بۆ بارەکانی تورکا دروستکردووە و دوبارە گومرگ دەکرێنەوە، کە ئەمه‌ش نرخ لەسەر کاڵاکانی تورکیا زیاد دەکات، وەک ژووری بازرگانی بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئەم کێشەیەمان گەیاندۆتە سەرۆک کۆماری عێراق و ده‌بێت ھەموان پێکەوە ھەوڵی چارەسەری بدەین تا کاڵا تورکیەکان نرخیان لە بازاڕدا گران نەبێت ھەربۆیە پێویستە تورکیاش کار بکات بۆ لابردنیان و ھەوڵەکانی بخاتە کار".

ئاماژەی بەوەشدا "لەئێستادا سلێمانی کاری بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران زۆرە و بەھۆی ئەم گەمارۆیانەوە پێدەچێت ھەندێک ماددە کەم بکات لەھاوردەکردنیان و ڕێڕەوی بازرگانی دەگۆڕێت بۆ سێ ئاراستە ئەویش بۆ مینای بەسرە، به‌نده‌ره‌كانى عەقەبە، مێرسین ھەرکامێک لەو بەندەرانە کار ئاسانی بۆ بازرگانان بکەن ئەوا ئاراستەی کاری بازرگانی دەچێتەوە ئەو بەندەرەیان، کارئاسانیەکانیش بریتیە لەخێرا رایکردنی بارەکان‌و زوو گومرگکرنیان لە سەر سنورەکان، زۆر دوا نەخرێن و ڕێگەی ڕۆشتنیان خێراتر بکرێت".

سەرۆکی ژوور ئاماژەی بەوەش دا لەئێستادا ھەوڵدەدرێت کەرتی کشتوکاڵی و گەشتوگوزاری و پیشەسازی لەعێراق گرنگی زیاتری پێبدرێت و پشت بەناوخۆ ببەسترێت ھەربۆیە پێویستە دەوڵەتی تورکیا ڕۆڵی خۆی ببینێت لەو بەره‌وپێشچونانە".

لای خۆشیەوە کنسوڵی گشتی تورکیا ڕایگەیاند ''ئێمە سەردانی خاڵی سنوری گومرگی ئیبراهیم خەلیلمان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ھاتوچۆی بارەکان ھەندێکیان لەدەسەڵاتی ئێمەدا نیە، لە ھەرێم کۆمپانیایەکی تایبەت پشکنین بۆ ئەو بارانە دەکات و داوامانکردووە پشکنینی کاڵاکان خێرا بکات و لەماوەی یەک ھەفتەدا وەڵام بدرێتەوە''.

ئاماژەی بەوەشدا كێشەی ئێمە ئەوەیە دەمانەوێت حکومەتی عێراقی ئەو کێشەیە چارەسەر بکات چونکە کاڵاکانی تورکیا زیانیان بەردەکەوێت کاتێک لەسنور گومرگ دەکرێت و جارێکیتر لە ناوخۆی ھەرێم کە دەڕوات بۆ شارەکانی خواروی عێراق گومرگ دەکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا پردی سێهەم لە سەر ئیبراهیم خەلیل کەوتۆتە کار بۆ خێرا ڕۆشتن و ھاتنی بار ھەڵگر، کارمەندی زیاتر داندراوە بۆ ڕایکردنی کارەکان و ھەوڵ دەدرێت کاری بازرگانان لەگەڵ ھاوڵاتیان جیابکرێتەوە تا خێراتر ئەو کارە بەڕێوە بڕوات.
 
لەبەشێکی تری کۆ بونەوەکەدا سەرۆکی ژوور جەختیکردەوە لەسەر گەشتی ئاسمانی لە نێوان فڕۆکەخانەی تورکیا و سلێمانی کە ڕاوەستانی بۆتە ھۆکارێک بۆ خاوبونەوە و سستبونی کاری بازرگانی و کەشتی ھاووڵاتیان لەنێوان ھەردوولادا،بۆیە پێویستە کاربکەن بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانیەکان، وە کنسوڵی تورکیا لە ھەولێر جەختیکردەوە کە ھەوڵەکانیان دەخەنە گەڕ بۆگەیاندنی ئەوکێشانەی کەدروستبووە بەھۆی داخستنی فڕۆکەخانەوە.



PM:02:53:05/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 150 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌