لێدوانی وه‌زیری بازرگانی توركیا له‌باره‌ی سزاكانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران


وه‌زیری بازرگانی توركیا روخسار په‌كجان له‌باره‌ی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ توركیا یه‌كێك ده‌بێت له‌و هه‌شت وڵاته‌ی ئه‌مریكا له‌و سزایانه‌ی ده‌یخاته‌ سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران بازرگانی ده‌كه‌ن ده‌یبه‌خشێت، رایگه‌یاند: "ئێمه‌ وامان ده‌وێت. رۆژی دووشه‌ممه‌ بۆ هه‌موومان روون ده‌بێته‌وه‌". 

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێك له‌باره‌ی سزاكانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران په‌كجان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ قه‌باره‌ی بازرگانی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران ساڵی رابردوو ١٠ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار بووه‌ و له‌ ماوه‌ی نۆ مانگی ئه‌مساڵیشدا حه‌وت ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بووه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا كاریگه‌ری ده‌كاته‌ سه‌ر كه‌رته‌كان. 

په‌كجان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ توركیا هاوسێی سووریا، عێراق و ئێرانه‌ و ناچاره‌ به‌رده‌وامی به‌ بازرگانی بدات له‌گه‌ڵ هاوسێكانی. 

په‌كجان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ چاوه‌ڕوانییان له‌ ئه‌مریكا ئه‌وه‌یه‌ توركیا یه‌كێك بێت له‌و وڵاتانه‌ی له‌ سزاكانی بیبه‌خشێت له‌ میانی ئه‌و سزایانه‌ی به‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌دا ده‌یسه‌پێنێت كه‌ بازرگانی له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كه‌ن، گوتی: "ئێمه‌ رێككه‌وتننامه‌ی وزه‌مان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئێران. ئه‌گه‌ر وزه‌ وه‌ریشنه‌گرین ده‌بێت پاره‌كه‌ بده‌ین. به‌هۆی ئه‌وه‌ی یه‌ده‌گی گازی سرووشتیمان نییه‌ و ده‌بێت هاووڵاتییانمان له‌ سه‌رمای زستان بپارێزین. به‌پێی هه‌واڵه‌ به‌راییه‌كان توركیا یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی له‌ سزاكان ده‌به‌خشرێت. ئێمه‌ش ئه‌وه‌مان ده‌وێت. رۆژی دووشه‌ممه‌ بۆ هه‌موومان روون ده‌بێته‌وه‌". 


PM:03:40:03/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 42 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌