سیروان محمەد: ساڵی 2019 ساڵی ئاڵتونی دەبێت بۆ ئابووری كوردستان

سیروان محمەد، سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی كە هاوكات جێگری سەرۆكی یەكێتی ژورەكانی بازرگانی هەرێمی كوردستانە، ئاماژە بە دۆخی داهاتووی دارایی و ئابووری هەرێم و عێراق دەكات و گەشبینە. 

دەبینین ساڵی ٢٠١٨ جیاوازتر لەساڵی رابردوو كرانەوەیەكی باشی بازرگانی بەڕووی هەرێمدا كراوەتەوە، روانگەی بەڕێزتان چیە؟

سیروان محمەد: خاڵی یەكەم ئەوەیە شەڕی داعش نەما كۆتایی هات لەعێراق كە ببوە هۆی دڵەڕاوكێ لەكوردستان و عێراق، خاڵی دووەمیش نرخی نەوت لەجیهان ریكۆردێكی بەرزتری تۆماركردووە ئەمەش بەراورد بەساڵی رابردوو بۆتە هۆكاری ئەوەی گۆڕانكاری ئابووری بەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان بێت.

 ئێستا دەبینین لەماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین شاندی گرنگی بازرگانی لەسەرتاسەری جیهانەوە روویان لەكوردستان كردووە؟

سیروان محمەد: گەشبینن بەحكومەتی داهاتووی عێراق كەوا بەرەوە ئارامی دەڕوات بەرەوە وەبەرهێنان و پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵی و پیشەسازی، ئەوان سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەن خۆیان لەو بازاڕەدا ببینەوە كە ئێستان لەلایەن وڵاتانی ناوچەكەوە چاوی زۆری لەسەرە، ئەمەش بەدڵنیاییەوە بۆ وەرگرتنی سودە لەبازاڕی عێراق.

❞سیروان محمەد: سەرۆك كۆمار بەڵێنی زۆر شتی پێداوین، بەتایبەت چارەسەری كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغداد بكات 

خۆتان وەكو سەرۆكی ژوری بازرگانی سەردانی ئەمریكانتان كرد، ئێستا لەگەڵ شاندی بازرگانە ئەمریكیەكە كۆبونەتەوە، پەیامیان چیە؟

سیروان محمەد: كە لەگەڵ ئەمریكیەكان دانیشتین خۆیان پێشنیاری هاتنی شاندێكیان كرد بۆ هەرێمی كوردستان، وە بەتایبەیش جەختیان لەسەر كوردستان كردەوە كە ئارامی باشتری تێدایە وە گەشەی ئابووری تێدایە، دەیانەوێت لە بازاڕی كوردستان پێگەی خۆیان بكەنەوە پاشان لێرەوە هەنگاو بەرەو عێراق بنێن.

پەیوەندی سەردانەكە و سزاكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەسەر كۆماری ئیسلامی ئێران چی یە؟؟

سیروان محمەد: سزاكان باسێكی دیكەیە، چونكە ئەو سزایانە كاریگەری لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان دەبێت، بەڵام ئەمریكیەكان بەگشتی دەیانەوێت لەڕێگەی كردنەوەی كارگە و پڕۆژەكانەوە هەلی كار بۆ بازاڕی عێراق دروستبكەنەوە و ئارامی و بژێوی باشتر بگەڕێتەوە بۆ عێراق وە حكومەتی عێراقیش بەڵێنی ئەوەیداوە كار بۆ بنیاتنانی كەرتی تایبەت بكات، بەجۆرێك وەبەرهێنەرەكان بتوانن قەرزی بانكی وەربگرن و كارگەی گەورە لەعێراق و هەرێم بكەنەوە.

پەیوەست بە بەسزاكانەوە، ئایا ئێوە وەكو ژورە بازرگانیەكان هیچ ئامادەكارییەكتان كردووە بۆ كورتنەهێنانی بازاڕ بەهۆی سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێرانەوە؟

سیروان محمەد: دەبێت وەبەرهێنەرەكانی خۆمان بیر لەپەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵی بكەنەوە، چونكە ئێمە خاوەنی كەرەستەی خاوین، بتوانین بازاڕی كار بۆ خۆمان دروستبكەین وە بەرهەمەكانی ئێمە لێرەوە بڕواتە خوارو ناوەڕاستی عێراقە نەك بە پێچەوانەوە،  بەڵام بەگشتی بڕواناكەم سزاكانی سەر ئێران ئەو كاریگەریی لەسەر بازاڕی ئێمە هەبێت لەڕووە ئاڵوگۆڕی بازرگانیەوە كاریگەری هەیە بەڵام بەگشتی لەڕووی پیشەسازی و كشتوكاڵیەوە دەرفەتێكی ئاڵتونیە بۆ عێراق و كوردستان بتوانن پیشەسازیی خۆراكی لەعێراق و كوردستان پەرەپێبدەن.

❞دەبێت وەبەرهێنەرەكانی خۆمان بیر لەپەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵی بكەنەوە، چونكە ئێمە خاوەنی كەرەستەی خاوین، بتوانین بازاڕی كار بۆ خۆمان دروستبكەین وە بەرهەمەكانی ئێمە لێرەوە بڕواتە خوارو ناوەڕاستی عێراقە نەك بە پێچەوانەوە

دەتانەوێت حكومەتی ئایندەی هەرێم لەڕووی ئابورییەوە هەڵگری چ روانگەیەك بێت؟

سیروان محمەد: حكومەت خۆی دانی بەوەداناوە كە هەڵەی كردووە كەرتی تایبەتی نەبردوەتە پێشەوە وە بەڵێنیشی داوە هەلی كار بۆ گەنجەكان بڕەخسێنێت ئەویش لەڕێگا پڕۆژەكانەوە دەبێت بەوەی زیاتر خەڵكەكە بەشان و بازوی خۆیان، خۆیان پێبگەیەنن و نەك لەلایەن حكومەتەوە دابمەزرێت، ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلار دەچێتە دەرەوە ئەگەر ئەمە لەناوخۆدا خەرج بكرێت ئەمە دەبێتە كاریگەی زۆری دەبێت بەسەر عێراق و  و كوردستانەوە، ئێمە دەرفەتێكمان لەكیس چوو دەبێت سود وەربگرین لەوە، بەرهەمی خۆماڵی پەرەپێبدەین ئەمەش هەلی كار دروستدەكات و پارەش دەهێنێتە وڵاتەوە.

هەستدەكەیت ساڵی 2019 دەبێتە ساڵی خۆشگوزەرانی و زۆربونی پارە لە بازاڕ؟

سیروان محمەد: من گەشبینم ساڵی 2019 ئاڵتونی دەبێت بۆ كوردستان، وە كەرتی تایبەت دەجوڵێتەوە و پڕۆژەكانمان بنیات دەنێینەوە.

لە چەند رۆژی رابردوو سەرۆك كۆماری عێراقتان بینی ئەو بەڵێنی چی پێداون؟

سیروان محمەد: ئێمە سەرۆك كۆماری عێراقمان بینی، بەڵێنی زۆر شتی پێداوین، بەتایبەت چارەسەری كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغداد بكات، وەبەرهێنەرەكانیش پارە وەربگرن بەقەرز لەحكومەتی عێراق.

سەرچاوە: ژیان


PM:03:35:03/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 513 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌