ئەمریكا هەشت وڵات لە سزاكانی سەر ئێران دەبەخشێت


عەلی كاردوەر، جێگری وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند هەواڵی بەخشینی هەشت وڵات لەسزاكانی ئەمریكا لەسەر هەناردەی نەوتی ئێران دەریدەخات كە بازاڕی جیهانی پێویستی بە نەوتی ئێرانە.

بڕیارە هەفتەی داهاتو ئەمریكا دەستەی دوەمی سزاكانی بەسەر ئێراندا بسەپێنێتەوەو لەو بارەیەشەوە ئاژانسی بلومبێرگ لەزاری بەرپرسێكی ئەمریكاوە رایگەیاندوە كە ئەمریكا رەزامەندی داوە رێگە بە هەشت وڵات بدرێت وەبەرهێنان لە كڕینی نەوتی ئێراندا بكەن و ئاماژەی بەوەشداوە كە لیستی ئەو هەشت وڵاتە كۆریای باشور و ژاپۆن و هیندستانی تێدایە.

لەكاردانەوە بەرامبەر بەو هەواڵەدا، تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران لەزاری عەلی كاردوەر، جێگری وەزیری نەوتی ئێرانەوە بڵاویكردەوە كە "بەخشینی ئەو وڵاتانە دەریدەخات كە بازاڕ پێویستی بە نەوتی ئێرانەو ناكرێت لە بازاڕەكە بكرێتە دەرەوە…نازانم ئەو بەخشینانە بۆ هەمیشەن یاخود كاتین.”

هەر لەبەرامبەر ئەو هەواڵەداو لەوەڵامی ئەوەدا كە ئایا توركیا لەنێو لیستی ئەو هەشت وڵاتەدا هەیە كە لەسزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران بەخشراون، فاتح دۆنمەز، وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا، ئەمڕۆ(هەینی)، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند”نوسراومان بۆ نه‌هاتوه‌، ئه‌نجامگیرییه‌كی له‌وشێوه‌یه‌مان هه‌یه‌.”

 


PM:04:24:02/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 578 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌