نرخی نەوت دابەزی


سەرەڕای ئەوەی كە لە سەپاندنی قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمەریكا دژی ئێران نزیك دەكەوینەوە، كەچی نرخی نەوت رووی لە دابەزین كردووە و گەیشتە نزمترین ئاست كە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا تۆمار كرابێت.

لە 24 سەعاتی رابردوودا نزمترین نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بریتی بووە لە 75 دۆلار و 20 سەنت. سەرەتای ئەم مانگە نرخی نەوت تا 87 دۆلاریشی تۆمار كرد و ئەمەش دەری دەخات لە ماوەی مانگێكدا 12 دۆلار لە نرخی هەر بەرمیلێك نەوت دابەزیوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەم نرخی نەوت كەمێك هەڵكشا و گەیشتە سەرووی 76 دۆلار، بەڵام رۆژانە نرخی نەوت كەمێك بەرز دەبێتەوە و لە كۆتایی رۆژەكەدا چارتەكەی بە رەنگی سوور كۆتایی دێت.

بەگوێرەی DAILYFX نرخی نەوتی ئەمەریكیش تا 65 دۆلار و 60 سەنت دابەزی كە نزمترین نرخی ئەو جۆرە نەوتەیە كە لە دوو مانگی رابردوودا تۆمار كرابێت، ئەمڕۆ چوارشەمیش هەر بەرمیلێك لەو نەوتە بە 66 دۆلار و 44 سەنت دەفرۆشرێت.

پێشبینی دەكرێ لەگەڵ رێگرتن لە هەناردەی نەوتی ئێران كە لە چواری تشرینی دووەم دەست پێ دەكات، نرخی نەوت بەرز ببێتەوە.


PM:01:42:31/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 63 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌