به‌گوێره‌ی‌ بودجه‌ی‌ 2019ی‌ عیراق، باجێكی‌ دیكه‌ش له‌سه‌ر هاوڵاتیان زیاد ده‌كرێت


به‌گوێره‌ی‌ پڕۆژه‌ی‌ بودجه‌ی‌ 2019ی‌ عیراق، باجێكی‌ دیكه‌ له‌سه‌ر هاوڵاتیان زیادكراوه‌، په‌رله‌مانتارێكی‌ كوردیش زانیاری‌ ورد له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "له‌كاتی‌ سه‌ردانی‌ مۆڵه‌كان كڕینی‌ پێداویستی‌ و شمه‌ك، جگه‌ له‌پاره‌ی‌ كاڵاكان بڕه‌پاره‌یه‌كی‌ دیكه‌ش وه‌كو باج له‌هاوڵاتیان وه‌رده‌گیرێت".

ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید په‌رله‌مانتاری‌ كورد له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ڕاگه‌یاند، "ئه‌و بڕگه‌یه‌ی‌ تایبه‌ته‌ به‌زیادكردنی‌ نرخی‌ كارتی‌ مۆبایل وه‌ك ڕسومات له‌پڕۆژه‌ بودجه‌ی‌ 2019ی عیراقدا دانراوه‌ته‌وه‌، به‌جۆرێك كه‌ هاوشێوه‌ی‌ دوو ساڵی ڕابردوو نرخی‌ كارتی‌ مۆبایل ڕسوماتی‌ له‌سه‌ر دانراوه‌و ئه‌و ڕسوماته‌ش بۆ حكومه‌تی عیراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌".

وتیشی‌:"له‌پڕۆژه‌ بودجه‌ی‌ 2019دا بڕگه‌یه‌كی‌ دیكه‌ زیادكراوه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ ڕسوماتی‌ مۆڵه‌كان به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر هه‌ر هاوڵاتیه‌ك سه‌ردانی‌ مۆڵه‌كان بكات و شمه‌ك و پێداویستی‌ بكرێت، بڕه‌ پاره‌یه‌كی‌ وه‌ك ڕسومات لێوه‌رده‌گیرێت، ئه‌و ڕسوماته‌ش بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ زیادكردنی‌ داهات كه‌ له‌زۆرێك له‌وڵاتانی‌ دونیا ئه‌و ڕسوماته‌ كاری‌ پێده‌كرێت".

زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕونكردنه‌وه‌یداو وتی‌:"میكانیزمی زیادكردنی‌ ئه‌و ڕسومات (باج)ه‌ به‌جۆرێكه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هاوڵاتیه‌ك به‌به‌های‌ 10 هه‌زار دینار له‌مۆڵێكدا شمه‌ك و پێداویستی‌ بكرێت، بڕی 12 هه‌زار دیناری لێوه‌رده‌گیرێت، ئه‌وه‌ش به‌ڕێژه‌ ڕسوماته‌كه‌ دیاریكراوه‌و له‌دانیشتنی‌ په‌رله‌ماندا یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌".

ئه‌وه‌شی‌ وت:"ئه‌و بڕگه‌یه‌ له‌پڕۆژه‌ بودجه‌كه‌دا جێگیركراوه‌و له‌دانیشتنی‌ په‌رله‌ماندا یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌ كه‌ ده‌نگی‌ له‌سه‌ر بدرێت یاخود به‌یه‌كجاری لاببرێت".

 


PM:01:36:31/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌