"عێراق به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پابه‌ندانی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ئێران نابێت"

سه‌رچاوه‌كانی عێراق ئاشكرایان كرد، حكوومه‌تی به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ڕێككه‌وتووه‌ و له‌ سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركووك بۆ ئێران ده‌وه‌ستێنێت و له‌ ڕێی بۆڕی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده‌ی توركیای ده‌كات، ئه‌مه‌یش وه‌ك پابه‌ندبوونێك به‌ سزاكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام شاره‌زایان دووپات له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ به‌غدا به‌ ڕووكه‌ش پابه‌ند ده‌بێ، به‌ڵام له‌ كرده‌ییدایه‌ سزاكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ئێران جێبه‌جێ ناكات.

له‌ به‌رنامه‌ی "ڕاستی له‌ كوێیه‌"ی ڕادیۆی سپۆتنیكی ڕووسی ساڵح هماشی پسپۆری ئابووری وتی، عێراق پێوه‌ندی ئابووری تۆكمه‌ و پێشكه‌وتووی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌ و دراوسێی یه‌كترن، بۆیه‌ به‌غدا ناتوانێ پابه‌ندی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا بێ بۆ سه‌ر ئێران به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌واو و 100%.

ئاماژه‌ی دا، سروشتی سیسته‌می سیاسی ئێسته‌ی عێراق نزیك و گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ سیسته‌می سیاسی ئێران، سنوورێكی فره‌وان له‌ نێوان هه‌ردوو وڵات هه‌یه‌، بۆیه‌ كارێكی ئه‌سته‌مه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك عێراق ناتوانێت 100% سزاكان جێبه‌جێ بكات، ڕه‌نگه‌ ئه‌زموونی نێوان عێراق و ئوردن دووباره‌ ببێته‌وه‌، له‌ ساڵانی نه‌وه‌د سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا سزای به‌سه‌ر ڕژێمی به‌عس سه‌پاند، به‌ڵام بازرگانی له‌ نێوان ئوردن و عێراق به‌رده‌وامی هه‌بوو، هه‌رچه‌نده‌ به‌ فه‌رمی ئوردن پابه‌ندبوونی خۆی به‌ سزادانی عێراق ڕاگه‌یاندبوو.

ئه‌و پسپۆره‌ ئابوورییه‌ نه‌یشارده‌وه‌، كه‌ عێراق له‌ ڕووی نێوده‌وڵه‌تی و ڕووكه‌شه‌وه‌ دووپات له‌ پابه‌ندبوون به‌ سزاكان ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام له‌ واقیع و كردارییه‌وه‌ ناتوانێ ئه‌م كاره‌ بكات و پێوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران به‌رده‌وام ده‌بێت.


AM:10:12:28/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 167 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌