دیداری بازرگانی سلێمانی‌و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەڕێوەدەچێت


ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بەهاوكاری كونسوڵخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، دیدارێكی بازرگانی بۆ شاندێكی uskbc  نوێنەری كۆمپانیاكانی ئەمەریكا ئەوانەی لەهەولێر كار دەكەن، لەشاری سلێمانی  ساز كرد. 

سیروان محەمەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی‌و ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوورو ژمارەیەک لەبازرگانان‌و وەبەرھێنەران‌و بەڵێندەران‌و پیاوانی خاوەنکارو ڕێکخراوەکان پێشوازیانکرد لەشاندەکەی ئەمریکا.

سیروان محەمەد، پاش بەخێر ھاتنی شاندەکە باسی رەوشی ئابووری‌و بازرگانی‌و پیشەسازی شاری سلێمانی كرد، ئەو وتی "شاری سلێمانی یەکێکە لەشارە پیشەسازییەکان لەئاستی عێراق‌و هەرێمی کوردستاندا، بازرگانانی سلێمانی پەیوەندیەكی پتەوی بازرگانییان لەگەڵ زۆرێك لەوڵاتانی دەرەوە هەیەو ئەمەریكاش یەكێكە لەو وڵاتانە، هیوادارم لەم دیدارەدا بتوانین بازرگانانی سلێمانی‌و بازرگانانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا گەشە بەپەیوەندی بازرگانییان بدەن". 

وتیشی "ئامانج لەئەنجامدانی ئەم دیدارە زیاتر پتەوكردنی پەیوەندیەكانی بواری بازرگانی و پیشەسازیی نێوان هەرێمی كوردستان‌و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە، کە لەم دیدارەدا شاندێكی كۆمپانیا ئەمریكییەكان كە نوێنەرایەتی ٢٠ كۆمپانیا دەكەن بەشدارن". 

دواتر دەیڤید تەفوری، سەرۆكی دەزگای USKBC وتەیەكی پێشكەشكردو ڕایگەیاند ''زۆر خۆشحاڵم ئەمرۆ لەشاری سلێمانین، ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی لەهەرێمی كوردستان كار بكەین بەتایبەتی كە دەبینین ئێستا هەرێمی كوردستان ناوچەكی زۆر ئارامە''.

ڕاشیگەیاند ''ئێمە بەردەوام پاڵپشتی لەهەرێمی كوردستان دەكەین‌و هەوڵدەدەین لەماوەی داهاتوودا پەیوەندیەكانی بواری بازرگانی و پیشەسازی زیاتر گەشە پێبدەین و پێكەوە كار بكەین . كۆمپانیاكانی ئێمە دەیانەوێت لێرە كار بكەن‌و دەتوانین هەردوولا زیاتر هاوکاری‌و هەماهەنگی بکەین''. 


پاشان بەیان سامی عەبدولرەحمان، نوێنەری حكومەتی هەرێمی کوردستان لەئەمریكا سەبارەت بەهاتنی كۆمپانیاكان‌و بەرێوەچوونی دیداری لەم شێوەیە، راگەیاند "بەشێك لەم كۆمپانیایانەی ئێستا هاتوون، پێشتر لەهەرێمی كوردستان لەبوارەكانی نەوت‌و ئاسایش‌و دروستكردنی مۆڵ‌و هوتێل كاریان كردووە، بەردەوامیش دەبن، مەبەستی هاتنیشیان ئەوە بووە، بەرپرسانی حكومەتی هەرێم‌و بازرگانان ببینن‌و كۆببنەوەو بیروڕا بگۆڕنەوە".

ڕاشیگەیاند "بەشێكی دیكە لەكۆمپانیاكان بۆ یەكەمجارە هاتوون‌و دەیانەوێت بزانن لەهەرێمی كوردستان چی هەیە، سەقامگیریی‌و باشتربوونی دۆخی ئابوری كوردستان لەنزیكەوە ببینن، ئەوان بیستوویانە دۆخی ئابوری بەرەو باشتر دەچێت‌و بۆ ئەوانیش كاتەكەی گونجاوە، حكومەتی هەرێمیش رۆڵی گەورەی هەیەو پێویستە هاوكاریی كۆمپانیا خۆماڵی‌و بیانیەكانیش بكات‌و پشتیوانیان بێت لەھەر ھەوڵێكدا بۆ باشتر كردنی دۆخی ئابوری".


PM:08:38:24/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌