مایكل رۆبن: سه‌رۆك كۆمارى نوێى عێراق سیمبولى په‌ره‌سه‌ندنى ئابوورییه‌

پێگه‌ى "1001 IRAQI THOUGHTS"تیشكى خستۆته‌ سه‌ر گرنگى هه‌ڵبژاردنى د. به‌رهه‌م صاڵح وه‌ك سه‌رۆ كۆمارى تازه‌ى عێراق و ده‌ڵێت: هه‌ڵبژاردنى به‌رهه‌م صاڵح پڕۆسه‌یه‌كى دانسقه‌یه‌ بۆ بونیادنانه‌وه‌ى عێراق.

له‌شیكارییه‌كى پێگه‌كه‌دا باسله‌وه‌كراوه‌، د. به‌رهه‌م ساڵح  له‌ لایه‌ن سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌ ڕێزلێگیراوه‌، و لێزانه‌ له‌ بوارى دیپلۆماتیدا، "خاوه‌ن متمانه‌ى ڕاسته‌قینه‌یه‌ له‌ ئاسانكارى بۆ پرسى پێكهێنانى حكومه‌ت، له‌ هه‌موو عێراق ئه‌و پیاوه‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ خاوه‌ن ئه‌زمونێكى نێوده‌وڵه‌تییه‌ ، به‌و پێیه‌ى سیاسییه‌كى خاوه‌ن دیدگایه‌ بۆ ئاینده‌".

له‌ دیدى "مایكل رۆبن" توێژه‌ر له‌ په‌یمانگاى ئه‌مریكان ئه‌نته‌رپرایز له‌ تویژینه‌وه‌یه‌كیدا به‌ ناونیشانى "Kurdistan Raising" ده‌ڵیت:"دكتۆر به‌رهه‌م تاكه‌ دبلۆماسى كوردى خاوه‌ن به‌هره‌یه‌ له‌ دیدى ئه‌مه‌ریكاوه‌، له‌ ماوه‌ى حوكمڕانییه‌كه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا فه‌رمانڕه‌وایه‌كى سه‌ركه‌وتوو بووه‌".

رۆبن هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، د. به‌رهه‌م سیمبولى په‌ره‌سه‌ندنى ئابوورییه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستاندا،  له‌ سه‌رده‌مى ئه‌ودا پێشكه‌وتنى به‌رچاو له‌ بوارى نیشته‌جێبوندا به‌دیهاتووه‌ ، هه‌زاره‌ها قوتابى چونه‌ده‌ره‌وه‌ بۆ خوێندن ، كه‌سانێكى زۆر سوودیان له‌ پرۆژه‌ بچوكه‌كان وه‌رگرتووه‌ ، هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ هۆى دانایى و لێوه‌شاوه‌یى ئه‌وه‌وه‌ بوو له‌ حوكمڕانیدا".

رۆبن له‌ باسكردنى سه‌رۆك كۆماردا ده‌شڵێت"به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ خاوه‌ن ئه‌زموونیكى باشه‌ له‌ بوارى حوكمڕانى و شه‌فافیه‌ت و جه‌نگ له‌ پێناو دادپه‌روه‌ریدا، ئه‌م خه‌سڵه‌تانه‌ بۆ قۆناغى دووباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ى عێراق پێویستن".

له‌ شیكارییه‌كه‌دا هاتووه‌، زۆر كه‌س‌ پێیان وایه‌ كه‌ ئابڕوومه‌ندى به‌رهه‌م صاڵح و ره‌فتارى سیاسى و هه‌ڵوێسته‌ هاوسه‌نگه‌كانى توانستى ئه‌وه‌ى ده‌داتێ به‌باشى ئه‌ركه‌كانى سه‌رۆكایه‌تى ڕاپه‌ڕێنیت، زۆرینه‌ى عێراقییه‌كان، ئێرانى  و ئه‌مریكییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ ده‌ڕوانن كه‌سێكى عێراقى ڕه‌سه‌ن جڵه‌وى ووڵات بگرێته‌ده‌ست، به‌رهه‌م صاڵح ده‌توانێت بارگرژى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا خاوبكاته‌وه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ خراه‌ته‌ڕوو، به‌رهم صاڵح هه‌موو ئه‌و سیفه‌تانه‌ى تیدان كه‌ خه‌ڵكه‌ به‌ په‌سه‌ندیان ده‌زانن  بۆ سه‌رۆكایه‌تى عێراق  ، هه‌تا ده‌وڵه‌ ئیقلیمییه‌كانیش به‌ هه‌نگاویكى ئه‌رینى ده‌ده‌نه‌ قه‌ڵه‌م. 

به‌رهم صالح پار له‌ ووتارێكى له‌ ڕۆژنامه‌ى "فاینانشیاڵ تایمز" نووسى و دیدگاى خۆى بۆ حوكمڕانى ڕه‌شید له‌ عێراقدا خسته‌ڕوو ، پێى وایه‌ كه‌ سیسته‌مى سیاسى دواى ڕوخانى سه‌دام شكستى هێناوه‌ ، عێراق دووره‌ له‌ دیموكراسییه‌كى لیبڕاڵیه‌وه‌ و سیسته‌مه‌كه‌شى نیمچه‌ كلیبتوكراتیه‌ و دابه‌شبوونى حزبى و  نه‌ژادى و تایه‌فى هه‌نجڕهه‌نجڕیان كردووه‌.

به‌رهه‌م صاڵح گفتوگۆیه‌كى ڕاسته‌قینه‌ى نێوان به‌غدا و هه‌رێم به‌ گرنگ ده‌زانى ،  پێى وایه‌ ده‌بێت عێراق چاره‌نووسى عێراقییه‌كان دیارى بكات، سه‌رۆكه‌ تازه‌كه‌ پێى وایه‌  كه‌ بۆ هه‌موو عیراقییه‌كانه‌ و ده‌بێت پشكدارى بكات له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى ژیانى هاووڵاتیانى عێراق.

"ئه‌و خاوه‌ن دیدگایه‌ بۆ چاره‌سه‌رى گرفتى ئابوورى به‌رخۆر، هه‌ماهه‌نگكارى وه‌به‌رهێنان و هاوبه‌شبه‌ندى نێوان كه‌رتى گشتى و كه‌رتى تایبه‌ت، ئه‌و پێى وایه‌ بۆ جێبه‌جیكردنى دیدگاكه‌ى عێراق پێویستى به‌ پشتیوانى سعودیه‌ و ئێران هه‌یه‌"له‌ شیكارییه‌كه‌دا هاتووه‌.



AM:11:12:22/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌