بوودجه‌ی عێراق بۆ 2019 زیاتر له‌ 108 ملیار دۆلار ده‌بێت

به‌پێی ره‌شنووسی بوودجەی عێراق بۆ ساڵی 2019 بڕی 108 ملیار دۆلار خه‌رجیی ده‌بێت و نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی هه‌نارده‌كراویشی به‌ بڕی 56 دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت.

وه‌زاره‌تی دارایی حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ ره‌شنووسی بوودجه‌ی گشتی عێراقی بۆ ساڵی 2019 ره‌وانه‌ی ئه‌میندارێتی گشتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كردووه‌ به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردن و ده‌ستكاریكردنی ئه‌گه‌ر تێبینییان له‌سه‌ر بێت و دواتر ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كرێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەری و تێبینی و زیادكردن و كه‌مكردن تێیدا و پاشان په‌سه‌ندكردنی. 

به‌پێی ره‌شنووسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق كه‌ له‌ دووتوێی 100 لاپه‌ڕه‌ ده‌بێت و ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ بوودجه‌ی عێراق بۆ ساڵی 2019 به‌ بڕی 128 تریلیۆن و 443 ملیار و 52 ملیۆن و 427 هه‌زار دینار ده‌خه‌مڵێندرێت، داهاته‌كانیشی ئه‌وا به‌ بڕی 105 تریلیۆن و 569 ملیار و 686 ملیۆن و 870 هه‌زار دینار ده‌خه‌مڵێندرێت، واته‌ بڕی ئه‌و كورتهێنانه‌ی له‌ بوودجه‌كه‌شدا به‌دی دێت 22 تریلیۆن و 873 ملیار و 365 ملیۆن و 557 هه‌زار دینار ده‌بێت، نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی هه‌نارده‌كراویش به‌ 56 دۆلار خه‌مڵێندراوه‌، نرخی هه‌ر دۆلارێكیش به‌ 1182 هه‌ژماركراوه‌، پشكی هه‌رێمی كوردستانیش لەو بوودجەیەدا بریتییه‌ له‌ 12,67 له‌سه‌د، به‌لای شاره‌زایان و به‌راورد به‌ ساڵانی پێش شه‌ڕی داعش و بڕینی به‌شه‌ بوودجه‌ی هه‌رێم له‌ساڵی 2014، ئەو بەشە بوودجەیە زۆر زیاتر بوو لەم بەشەی لە بوودجەی ساڵی 2019 دیاریکراوە و ئەو کات پشکی هەرێمی کوردستان له‌سه‌روو 13 تریلیۆن دیناره‌وه‌ بووه‌. 

"بوودجه‌ی عێراق 108 ملیار دۆلاره‌ و پشكی هه‌رێمی كوردستان 12,67 ده‌بێت" 
خه‌رجییه‌كانی عێراق بۆ ساڵی 2019 بریتییه‌ له‌ 128 تریلیۆن و 443 ملیار و 52 ملیۆن و 427 هه‌زار دینار (نزیك به‌ 108 ملیار دۆلاری ئه‌مریكی)، تیایدا 46 تریلیۆن و 872 ملیار و 918 ملیۆن و 411 هه‌زار دینار خه‌رجیی سیادییه‌، هه‌رچی خه‌رجیی حاكیمه‌یه‌ ئه‌وا بڕی 4 تریلیۆن و 689 ملیار و 918 ملیۆن و 272 هه‌زار دینار ده‌بێت، یه‌ك تریلیۆن دیناریش بۆ خه‌رجیی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌رێمه‌كان ته‌رخانكراوه‌. 

له‌ ره‌شنووسه‌كه‌دا پشكی هه‌رێمی كوردستان بەرێژه‌ی 12,67 له‌سه‌د هه‌ژماركراوه‌ كه‌ له‌ژێر ناوی" پارێزگاكانی هه‌ولێر، دهۆك، سلێمانی" هاتووه‌ به‌بێ ناوهێنانی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ش وه‌كو پارێزگایه‌ك هه‌ژمارنه‌كراوه‌، به‌و چه‌شنه‌ پشكی هه‌رێم بریتییه‌ له‌ 8 تریلیۆن و 741 ملیار و 406 ملیۆن و 26 هه‌زار دینار، ئه‌وه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی پشكی هه‌رێم له‌ گه‌شه‌پێدانی پارێزگاكانیش هه‌یه‌ كه‌ بڕی 126 ملیار و 700 ملیۆن دیناره‌، جگه‌ له‌ پشكی هه‌رێم له‌و پڕۆژانه‌ی وه‌به‌رهێنان كه‌ له‌رێگه‌ی قه‌رزی بیانییه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێن كه‌ ئه‌ویش 102 ملیار و 361 ملیۆن و 200 هه‌زار دیناره‌، واته‌ كۆی گشتی پشكی هه‌رێم ده‌گاته‌ 8 تریلیۆن و 970 ملیار و 467 ملیۆن و 226 هه‌زار دینار. 

به‌پێی ره‌شنووسه‌كه‌ له‌ خه‌رجییه‌ گشتییه‌كانی ده‌وڵه‌ت بۆ 2019 كه‌ بریتییه‌ له‌ 128 تریلیۆن و 443 ملیار و 52 ملیۆن و 427 هه‌زار دینار، بڕی 32 تریلیۆن و 591 ملیار و 374 ملیۆن و 23 هه‌زار دینار وه‌كو خه‌رجیی پڕۆه‌كانی وه‌به‌رهێنان دیاریكراوه‌، بڕی 95 تریلیۆن و 851 ملیار و 678 ملیۆن و 404 هه‌زار دیناریش خه‌رجیی به‌كاربردنه‌. به‌و پێیه‌ ده‌رده‌كه‌وێت رێژه‌ی 25,3 له‌سه‌دی كۆی خه‌رجییه‌كانی گشتی ده‌وڵه‌ت خه‌رجیی وه‌به‌رهێنانن، رێژه‌ی 74,6 یش وه‌كو خه‌رجی به‌كاربردن دێت. 

له‌ ناو خه‌رجییه‌كانیشدا بڕی 200 ملیار دینار وه‌كو خه‌رجیی له‌ناكاو ته‌رخانده‌كرێت، هاوكات رێژه‌ی 5 له‌سه‌دیش له‌ داهاتی نه‌وتی خاوی به‌رهه‌مهێنراوی هه‌ر پارێزگایه‌ك و هه‌مان رێژه‌ له‌ داهاتی نه‌وتی خاوی پاڵێوراو له‌ پاڵاوگه‌كانی پارێزگاكه‌ و هه‌مان رێژه‌ش له‌ داهاته‌كانی غازی سروشتی پارێزگاكان به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان بۆ ئه‌و پارێزگایانه‌ ته‌رخانده‌كرێت. 

ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، ئارێز عه‌بدوڵڵا  له‌باره‌ی ره‌شنووسی بوودجه‌ی عێراق بۆ ساڵی 2019 ده‌ڵێت "ره‌شنووسی بوودجه‌ی ساڵی 2019 له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌چاوكردنی بوودجه‌ی ساڵانی رابردوو وه‌رگیراوه‌ و ئاماده‌كراوه‌، داهات و خه‌رجییه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای ساڵی نوێ ده‌بێت، ئێستا داهاتی عێراق به‌راورد به‌ ساڵی رابردوو زیاتره‌، چونكه‌ نرخی نه‌وت بەرزبووه‌تەوە، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی شه‌ڕی داعشیش نه‌ماوه‌ كه‌ خه‌رجییه‌كی زۆری له‌سه‌ر عێراق هه‌بوو له‌ ساڵانی رابردوودا، سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستانیش وه‌كو ساڵانی پێشتره‌، به‌ڵام ئیدی ئه‌وه‌ له‌ناو ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و دواتریش له‌ناو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران تاوتوێ ده‌كرێت، به‌ڵام به‌ بۆچوونی من ئێستا په‌یوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا باشتره‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌ داواكارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ناو بوودجه‌ باشتر جێبه‌جێ بكرێت ". 

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا  ئارێز عه‌بدوڵڵا وتی: "ئه‌و ره‌شنووسه‌ هێشتا پڕۆژه‌یه‌، هێشتا گفتوگۆی زۆری ماوه‌، ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ره‌شنووسه‌كه‌ كورتهێنان هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ هه‌موو ساڵێك هه‌یه‌، هه‌رچی خه‌رجییه‌ خه‌مڵێنراوه‌كانه‌ ئه‌وا ساڵانی رابردووش وه‌كو خۆی ئه‌و بڕه‌ پارانه‌ خه‌رج نه‌كراوه‌ و كه‌متر خه‌رح كراوه‌، نرخی نه‌وتیش له‌ زیادبووندایه‌ ئه‌گه‌ر كورتهێنانه‌كه‌ش زۆر بێت ئه‌وا له‌و زیاده‌ پاره‌یه‌ی به‌ده‌ست دێت له‌ به‌رزیی نرخی نه‌وت ئه‌وا پڕ ده‌كرێته‌وه‌". 

"نرخی به‌رمیلێك نه‌وت به‌ 56 دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت" 
به‌پێی ئه‌و ره‌شنووسه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بۆ بوودجه‌ی وڵات بۆ ساڵی 2019 ئاماده‌ی كردووه‌ داهاته‌كانی ده‌وڵه‌ت بۆ ساڵی دارایی به‌ بڕی 105 تریلیۆن و 569 ملیار و 686 ملیۆن و 870 هه‌زار دینار خه‌مڵێندراوه‌. 
نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی هه‌نارده‌كراو له‌سه‌ر بنه‌مای 56 دۆلار وه‌كو نرخی فرۆشتن هه‌ژماركراوه‌، تێكڕای هه‌نارده‌كردنی رۆژانه‌ی نه‌وتیش ده‌گاته‌ 3 ملیۆن و 880 هه‌زار به‌رمیل كه‌ له‌ناویدا 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌یه‌ هه‌رێمی كوردستانی پێوه‌ پابه‌ندكراوه‌ رۆژانه‌ هه‌نارده‌ی بكات، نرخی یه‌ك دۆلاریش به‌ 1182 دینار خه‌مڵێندراوه‌. 
به‌پێی ئه‌و ره‌شنووسه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بۆ ئه‌میندارێتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی ناردووه‌ بڕی ئه‌و كورتهێنانه‌ی له‌ بوودجه‌ی ساڵی 2019 دیاریكردووه‌ بریتییه‌ له‌ 22 تریلیۆن و 873 ملیار و 365 ملیۆن و 557 هه‌زار دینار، ئه‌مه‌ش به‌پێی ره‌شنووسه‌كه‌ له‌و زیاده‌ داهاته‌ به‌ده‌ستهاتووه‌ پڕده‌كرێته‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی زیادبوونی نرخی نه‌وتی خاوی هه‌نارده‌كراو به‌ده‌ست دێت یان له‌ زیادبوونی بڕی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خاو و له‌ قه‌رزی ناوخۆی و ده‌ره‌كی. 

" رێژه‌ی 88,7 له‌سه‌دی داهاته‌كانی عێراق له‌ نه‌وته‌وه‌ به‌ده‌ست دێن" 
هه‌ر له‌و ره‌شنووسه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بڕی داهاته‌كان بۆ ساڵی 2019 به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌ش كراوه‌، 93 تریلیۆن و 741 ملیار و 110 ملیۆن و 400 هه‌زار دینار وه‌كو داهاتی نه‌وتی به‌ده‌ست دێن، بڕی 11 تریلیۆن و 828 ملیار و 576 ملیۆن و 470 هه‌زار دینار داهاتی نا نه‌وتیین، به‌و پێیه‌ بێت رێژه‌ی داهاته‌ نه‌وتییه‌كانی عێراق له‌ ساڵی ئاینده‌، 88,7 له‌سه‌دی كۆی داهاته‌كانی عێراق ده‌بێت، له‌كاتێكدا داهاته‌ نا نه‌وتییه‌كانی عێراق ته‌نها رێژه‌ی 11,2 له‌سه‌دی كۆی داهاته‌كانی عێراق پێكده‌هێنێت. 
هه‌رچی خه‌رجییه‌كانه‌ ئه‌وا عێراق به‌نیازه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ی گه‌ره‌نتی هه‌نارده‌كردنه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی بڕی 906 ملیۆن دۆلار قه‌رز بكات بۆ ئه‌وه‌ی بۆ كڕینی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی خه‌رجی بكات و به‌شێوه‌یه‌ك بێت كه‌ بڕی 600 ملیۆن دۆلاری بۆ وه‌زاره‌تی به‌رگری و 146 ملیۆن دۆلاری بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و 80 ملیۆن دۆلاری بۆ ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و 80 ملیۆن دۆلاری دیكه‌شی بۆ ده‌زگای دژه‌ تیرۆر خه‌رج بكات، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ قه‌رزكردنی 500 ملیۆن دۆلاری دیكه‌ له‌ ئاژانسی هه‌ماهه‌نگیی ئاسایش و به‌رگریی ئه‌مریكی بۆ پێویستییه‌كانی وه‌زاره‌تی به‌رگری. 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا  ده‌شڵێت "پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ ره‌شنووسه‌كه‌ كه‌مه‌، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌توانێت زیادی بكات، هاوكات په‌رله‌مانیش ده‌توانێت ئه‌م كاره‌ بكات، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر قورسایی كورد ده‌وه‌ستێت له‌گه‌ڵ گونجانی حكوومه‌ته‌كه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من پێشبینی ده‌كه‌م دكتۆر عادل عه‌بدولمه‌هدی جێی متمانه‌ی هه‌موو لایه‌كه‌ و ده‌شێت كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوو لا چاره‌سه‌ر بكات". 

سه‌باره‌ت به‌ نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و بڕه‌ی به‌پێی ره‌شنووسه‌كه‌ دیاری كراوه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت راده‌ستی بكات و زیاده‌ له‌و بڕه‌ش ده‌بێت حكوومه‌تی هه‌رێم راده‌ستی حكوومه‌تی ناوه‌ندی بكاته‌وه‌ ئارێز عەبدوڵڵا وتی "پێویستی به‌ گفتوگۆ و رێككه‌وتن هەیه‌ تا ئه‌و كاته‌ی به‌پێی یاسا كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌سەر پرسی نه‌وت و غاز چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر گفتوگۆی جیددی هه‌بێت ده‌توانرێت ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ كاری زیاتری بۆ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی عێراق ببێته‌ خاوه‌نی یاسای نه‌وت و غاز و پێشتر حكوومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ند ده‌یانویست پڕۆژه‌كه‌ی خۆیان جێ بكه‌نه‌وه‌ و بیكه‌ن به‌ یاسا، بۆیه‌ نه‌گه‌یشتینه‌ ئه‌نجام، ئومێد ده‌كه‌ین له‌م خوله‌ی ئەنجوومەنی نوێنەران ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ببێته‌ یاسا".


PM:06:05:21/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 446 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌