لە گەرمیان شارێکی گەورەی پیشەسازی دروستدەکرێت

بڕیارە لە گەرمیان شارێکی گەورەی پیشەسازی دروستبکرێت، رووبه‌ری ئەو پرۆژه‌یه‌ 2400 دۆنمه و‌، هەلی کار بۆ 25 هەزار کەس دابیندەکات

ئیداره‌ی گه‌رمیان بانگهێشتی سه‌رمایه‌دارانی باشووری كوردستان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ بواری بازرگانی و پیشه‌سازیدا له‌م پرۆژه‌یه‌دا بكه‌ن کە ئامانجی پرۆژەکە زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و دابینكردنی هه‌لی كاره‌ بۆ زیاتر له‌ 25 هه‌زار كه‌سی بێكار.

یونس ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان  راگەیاند: ''پرۆژه‌كه‌ له‌ڕووی ئابووریی و دابینكردنی هه‌لی كارەوە بۆ ده‌رچووانی زانكۆ گرنگی خۆی هەیە و بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە گه‌رمیان و كوردستانيش ده‌بووژێته‌وه"‌.

شاری پیشه‌سازی گه‌رمیان نه‌خشه‌ی بنه‌ڕه‌تی و ماسته‌رپلانەکەی ته‌واو كراون، وه‌به‌رهێنانی گه‌رمیان چاوه‌ڕێی ئیداره‌ی گه‌رمیانه‌ له‌ كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا دۆسیه‌ی پڕۆژه‌كه‌یان راده‌ست بكات. دوای ته‌واوكردنی پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی، ده‌ستده‌كرێت به‌ دیاریكردنی شوێنی كاره‌گه‌كان به‌مه‌ستی بونیات نانیان، زه‌وی پڕۆژه‌كه‌ش بێبه‌رامبه‌ر ده‌درێت بە وه‌به‌رهێنه‌كان.

روبه‌ری پرۆژه‌كه‌ 2400 دۆنمه‌ و ده‌كه‌وێته‌ ده‌شتاییه‌كانی نێوان هه‌رسێ گوندی گرده‌گۆزینه،‌ شێخله‌نگه‌ر  و دێبنه‌وه‌. پرۆژه‌كه‌ له‌ هه‌شت به‌ش پێكدێت، خۆراك، كاره‌با، كانزاكان، پترۆ كیمیایی، كاغه‌ز، ئاو و به‌شی چاكکردنه‌وه و نیشته‌جێبوون.

واپێشبینی ده‌كرێت زیاتر له‌ 1500 كارگه‌ی گه‌وره،‌ مامناوه‌ند و بچوك له‌ پرۆژه‌كه‌دا دروست بكرێن. بچووكترین رووبه‌ری دیاریكراو بۆ دروستكردنی كارگه‌یه‌ك 3000 هه‌زار مه‌تره‌. 

پرۆژه‌ی ریسایكلین له‌م پرۆژه‌یه‌دا دروستده‌كرێت، ئاوی به‌كارهاتووی كارگه‌كان ده‌پاڵێوێت و به‌شێك بۆ خواردنه‌وه‌ و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ بۆ ئاودانی و سه‌وزایی نێو پرۆژه‌كه‌ به‌كارده‌هێنرێت.

بڕیاره‌ له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ دوو ساڵدا پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌ک، كاره‌با قیرتاو و شۆسته و‌ ئاو و ئاوه‌ڕۆ و سه‌وزایی ته‌واوبكرێن. تێچوی هه‌موو ئه‌وانه‌ش بهپێی خەمڵاندنی به‌شی هونه‌ری ئیداره‌ی گه‌رمیان‌ 116 ملیار دینار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت.


PM:07:34:18/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 2172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌