بەھۆی قەدەغەکردنی کڕینی خواردەمەنی لە عێراق، سکاڵا لەسەر کوەیت تۆمار دەکرێت


رۆژنامەی رەئی کوەیتی لەزاری سەرچاوەیەکی باڵیۆزخانەی عێراقەوە لە کوەیت بڵاویکردووەتەوە، باڵێۆزخانەکەیان سکاڵا لەسەر کوەیت تۆمار دەکات بەھۆی ئەوەی ھاوردەکردنی کەلوپەل و خواردەمەنیی عێراقی بۆ وڵاتەکەی قەدەغە کردووە، بەتایبەتی سەوزە و میوە و خورما و ئاوی خواردنەوە، بەبیانوی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆلێرا.

راشیگەیاندووە: ئەو بڕیارەی کوەیت یەکێکە لە ئاستەنگەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ھەردوو وڵاتدا و وەزارەتی بازرگانی عێراقیش تێبینی کردووە کە راسپاردەکانی دەستەی قەدەغەکردنی کوەیت ھیچ وادەیەکی دیاری نەکردووە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی، راسپاردەکانی ئەو دەستەیەش کاریگەریی خراپی کردووەتە سەر سەقامگیری بازاڕ و جێگیرکردنی نرخەکان.

سەرەتای مانگی رابردوو دوای بەرزبوونەوەی ئاماری ژەھراویبوونی دانیشتووانی بەسڕە بەھۆی ئاوی خواردنەوە، کوەیت ھاوردەکردنی کەلوپەلی خواردەمەنی لە عێراقەوە بۆ وڵاتەکەی قەدەغە کرد.


PM:04:58:18/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌