كۆنگرەی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ناوچە وێرانبووه‌کانی عێراق لە ئوردن بەڕێوە دەچێت


لەوكاتەی ئەمڕۆ هاتە راگەیاندن كە بەمنزیكان كۆنگرەیەك بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە وێرانبووە ئازادكراوەكانی عێراق لە داعش لە ئوردن بەڕێوە دەچێت، پەرلەمانتارێكی عێراق ئاماژە دەكات كە ئەو پرسە پێویستی بە هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان هەیە.

رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە حوزەیرانی 2014 هێرشەكانی لە عێراق دەست پێ كرد و توانی لە ماوەیەكی كەمدا بەهۆی شكانی سوپای عێراق، چەندان ناوچەی ئەو وڵاتە داگیر بكات و جیا لەو وێرانكارییەی ئەو رێكخراوە ئەنجامی دا، ئەو ناوچانە بوونە گۆڕەپانی جەنگێكی سەختی ئازادكردنەوەیان و بەو هۆیەوە زۆرینەیان وێران بوون و بەهۆی زۆری خەرجییەوەیش تا ئێستە ئاوەدان نەكراونەتەوە.

وەلید سەهلانی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی بینا دووپاتی كردەوە كە سەركەوتنی كۆنگرەی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكانی عێراق كە بەمنزیكانە لە ئوردن دێتە سازكردن، بە هەموواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان بەندە كە چەند بڕگەیەك لەخۆی دەگرێت رێگرن لە هاتنی وەبەرهێنەران.

دووپاتی كردەوە، كۆنگرەكانی ئاوەدانكردنەوە لەوانە كۆنگرەی كوێت كە لە سەرەتای ئەمساڵ هاتە سازكردن و كۆنگرەی ئوردن كە بەمنزیكانە دێتە سازكردن، سەركەوتنیان پێوەستە بە هەموواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان، روونی كردەوە، بۆیە بێ هەمواركردنەوەی یاساكە كۆنگرەكانی ئاوەدانكردنەوە دەبنە تەنیا پرسێكی راگەیاندنەكان و لەسەر زەوی هیچ سوودیان نابێت.     

ئەمڕۆ سێشەم حەسەن كەعبی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە بەمنزیكانە كۆنگرەی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكانی عێراق لەداعش لە ئوردن دێتە سازكردن.  



AM:11:06:17/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 125 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌