عێراق دەروازەیەک بەڕووی سووریا دەکاتەوە


سەرۆكی سوریا و وەزیری دەرەوەی عێراق لە دیمەشق كۆبوونەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش دەڵێت، هەردوولا ڕێككەوتوون خاڵە سنورییەكانی نێوان هەردوو وڵات بكرێنەوە.

شەوی ڕابردوو لە دیمەشق، بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا و ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق كۆبوونەوە، یەكێك لەو پرسانەی گفتوگۆیان لەبارەوە كردووە خاڵە سنورییەكانی نێوان هەردوو وڵات بووە.

لەو بارەیەوە ئەحمەد مەحجوب وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند: لە كۆبوونەوەی بەشار ئەسەد و ئیبراهیم جەعفەریدا پرسی خاڵە سنورییەكانی نێوان عێراق و سوریا گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە، هەردوولا ڕێككەوتوون بەم نزیكانە شاندێکی سوریی بۆ بڕیاردان لەو پرسە سەردانی عێراق بكات.

لە نێوان عێراق و سوریا سێ خاڵی سنووری هەیە، مەحجوب ئاشكراشیكردووە: سەرەتا یەك خاڵی سنووریی نێوان هەردوو وڵات دەكرێتەوە، بێ ئەوەی ناوی ئەو خاڵە سنورییە ئاشكرا بكات، دواتر خاڵە سنورییەكانی دیکەش دەكرێنەوە.


PM:01:37:16/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 246 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌