لە هەڵەبجە وەرزی رنین و چنینەوەی هەنار دەستپێدەکات



ساڵانە لە مانگی تشرینی یەكەم و تشرینی دووەمدا وەرزی پێگەیشتنی هەنارە لە هەرێمی كوردستان و جووتیاران دەست بە رنین و چنینەوەی بەرهەمی ئەو ساڵەیان دەكەن .

هەڵەبجە دیارترین ناوچەی هەرێمی كوردستانە بۆ هەنار، بەرهەمی هەناری ئەو ناوچەیە لە هەرێمی كوردستان تەنانەت لە عێراق و جیهانیشدا ناوبانگی خۆی هەیە، بەجۆرێك لە ساڵی 2013 و لە پێشانگایەكی تایبەت لە بریتانیا هەناری هەڵەبجە لەنێو هەناری نزیكەی 100 وڵاتی جیهاندا باشترین بووە.

لە ئێستادا جووتیار و باخەوانەكانی ئەو ناوچەیە سەرقاڵی رنین و چنینەوەی بەرهەمی ئەمساڵی باخە هەنارەكانیانن، زۆربەی باخەوانەكان لەو ناوچەیە بەرهەمی هەنارەكانیان پێش مانگێك فرۆشتووە بەو كەسانەی كاری كڕین و فرۆشتنی هەنار دەكەن، ئێستا ئەو كەسانە بە خۆیان و چەند كرێكارێكەوە لەناو باخەكاندا سەرقاڵی رنینی هەنارەكانن.

بەرپرسانی فەرمانگەی كشتوكاڵ و باخەوان و تەنانەت ئەو كەسانەیشی كاری كڕین و فرۆشتنی هەنار دەكەن، ئەمساڵ نیگەرانن لە كەمی و ئەو نەخۆشیانەی روویان لە بەرهەمی هەنار كردووە لە ناوچەكەدا بەهۆی كەشوهەواوە.

سەباح سەڵاح یەكێكە لەو كاسبكارانەی هەڵەبجە كە ساڵانە بەرهەمی چەندین باخی هەنار دەكڕێت و رەوانەی سلێمانی و ناوچەكانی تری دەكات بۆ ساغكردنەوە.

سەباح كە لەگەڵ كرێكارەكانیدا سەرقاڵی لێكردنەوەی هەناری یەكێك لەو باخانە بوو لە هەڵەبجە كە ئەمساڵ بەرهەمەكەی كڕیووە، وتی: "ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو بەرهەمی هەنار وەك پێویست نییە و دار هەنارەكان بڕێكی كەمتر هەناریان پێوەیە وەك ئەوەی پێشبینیمان بۆ دەكرد، بە نموونە ئەم باخە نزیكەی پێنج ملیۆن دیناری عێراقی كڕدراوە، بەڵام ئەوەی دەبینرێت زەحمەت و مایەكەی خۆی بۆ ئێمە دەرناهێنێتەوە".

لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی كشتوكاڵی هەڵەبجە، ستار مەحموود وتی: "بەهۆی ئەو بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنانەی ئەمساڵ بۆ بەرهەمی هەنار كردوومانە، بەهۆی گۆڕانكاری كەشوهەوا كە لە كۆتایی وەرزی بەهاری ئەمساڵ بڕێكی زۆر باران و تەزرە باریووە، بووەتە هۆی ئەوەی بەرهەمی ئەمساڵی هەناری ناوچەكە بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو كەمتر بێت".

ئەو باس لەوەش دەكات، بەهۆی قەیرانی دارایی و كەمی بوودجەی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستانەوە، نەیانتوانیووە وەك پێویست پاڵپشتی و هاوكاری جووتیار و باخەوانانی ناوچەكە بكەن.

عەبدولڕەحمان حسێن باخەوانێكی تەمەن 68 ساڵە و خەڵکی هەڵەبجەیە، ئەو ماوەی زیاتر لە 40 ساڵە كاری باخەوانی دەكات و باخێكی هەناری لە ناوچەی باوەكۆچەكی هەڵەبجە هەیە كە تەمەنی باخەكە بۆ زیاتر لە 30 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

ئەو باخەوانە ناڕازییە لە بەرهەمی ئەمساڵ و ئاماژە بۆ ئەوە دەکا کە، بەرهەمی ئەمساڵی هەناریان بەبەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر كەمترە و بەهۆی كەشوهەواوە، باخەكەی بڕێكی زۆر كەمتر هەناری گرتووە و بەشێكی هەنارەكانیش بەهۆی نەخۆشییەوە خراپ دەبن و دەكەونە خوارەوە.

بە گوێرەی نوێترین ئاماری فەرمانگەی كشتوكاڵی هەڵەبجە، لەو سنوورەدا هەشت هەزار و 500 دۆنم باخی هەنار هەیە و بەرهەمی ساڵانەی ئەم باخانەش دەگاتە نزیكەی سێ‌ هەزار تۆن هەنار.

لە هەڵەبجەدا چەند جۆرێك هەنار هەیە، دیارترین جۆریش كە داخوازی زیاتری لەسەرە هەناری ساڵەخانییە و زیاتر رەوانەی پارێزگاكانی دیکەی هەرێم وعێراق دەكرێت. 


PM:05:54:14/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 438 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌