"نرخی نەوتی خاوی برێنت دەگاتە ١٠٠ دۆلار"

چاودێران و شارەزیانی بواری نەوت رایدەگەیەنین ئەگەر رێکخراوی ئۆپێک و بەرھەمھێنەرانی سەربەخۆ لە بەرامبەر قۆناغی دووەمی سزاکان کە چاوەڕوان دەکرێت ئەمریکا لە مانگی داھاتوودا بەسەر ئێراندا بیسەپێنێت، بێ دەنگ بن و نەینە سەر ھێڵ، ئەوە نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە و دەگاتە ١٠٠ دۆلار.

چاوەڕوان دەکرێت لە شەشی مانگی تشرینی دووەمی داھاتوودا، ئەمریکا گەڕی دووەمی سزاکان تایبەت بە پیشەسازی، نەوت و غاز بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، ئەمەش دوای ئەوەی گەڕی یەکەمی سزا ئابوورییەکانی لە شەشی مانگی ئابی رابردوودا بەسەردا سەپاندبوو.

وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک و بەرھەمھێنەرانی سەربەخۆ لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧دا بە پێی رێککەوتنێک و بە ئامانجی گەڕاندنەوەی سەقامگیری نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا، رۆژانە بەرھەمھێنانی نەوتیان بۆ یەک ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار بەرمیل کەمکردەوە و، دواتر لە مانگی تەمووزی رابردوودا، بۆ یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار کەمکردەوە.

رێککەوتنەکەی ئۆپێک بۆ کەمکردنەوەی بەرھەمی نەوت لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا کۆتایی دێت.

لە ماوەکانی رابردوودا، وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک و بەرھەمھێنەرانی سەربەخۆ لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە جەزائر بەڕێوەچوو رایانگەیاندبوو کە نەوتی زیاتر ناخەنە بازاڕەوە.

ھەروەھا رێکخراوی ئۆپێک بۆ چەند جارێک ئەو داواییەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپی رەتکردووەتەوە کە داوای لە رێکخراوەکە کردبوو بە خێرایی نرخی نەوت دابەزێنێت.

پێشتر لە توتێکدا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو"ئۆپێک قۆرخکارە و دەبێت ئەوەی لەبەرچاو بێت کە نرخی بەنزین زۆر بەرزبووەتەوە و ئەوان یارمەتی کەم پێشکەش دەکەن".

ھەفتەی رابردوو وەزیری وزەی رووسیا، ئەلیکسەندەر نۆڤاک لە لێدوانێکدا بە رادیۆی رووسی رایگەیاندوو لە چوارچێوەی ئەو گرژییانەی کە لە ئێستادا کاریگەرییان لەسەر بازاڕەکاندا دروست کردووە، نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت دەگاتە ١٠٠ دۆلار.

ــ ترس و گرژییەکان

شارەزای بواری نەوت، محەمەد زێدن دەڵێت: "ترس و گرژییەکان، کاریگەرییان لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا ھەبوو".

محەمەد زێدن وتی: "ترس لەوە ھەیە کە لە مانگی داھاتووەوە، خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکاندا کەم بکرێتەوە کە لە بەرامبەردا، ھەم خواست لەسەر نەوت زیاد دەبێت، ھەم ئابوورییە گەورەکانی جیھان گەشە دەکەن".

بە پێی دوایین راپۆرتی ئۆپێک، خواست لەسەر نەوت لە ١٠٠ ملیۆن بەرمیل بۆ ١٠٠ ملیۆن و ٢٣ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد دەبێت.

ئەو شارەزاییە وتیشی: "بە ھۆی بڕیارەکەی ئۆپێک لە بارەی زیادنەکردنی بەرھەمھێنانی نەوت و نزیکبوونەوەی قۆناغی دووەمی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ھەروەھا کەمبوونەوەی بەرھەمھێنانی نەوت لە ڤێنزوێلا، لیبیا و نێجیریا، نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا بەرزبووەتەوە".

ناوبراو ئەوەشی روونکردەوە کە ھەموو ئەو ھۆکارانە وا دەکەن نرخی یەک بەرمیل نەوت بگاتە ٩٠ دۆلار، ھیچ دوور نییە لە چەند مانگی داھاتوودا و لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان، نرخی یەک بەرمیل نەوت لە بازاڕەکاندا بگات بە ١٠٠ دۆلار.

ــ گرژییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و چین

شارەزا لە کاروباری نەوت، وەلید خدوری وای بۆ دەچێت کە گرژییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و چین کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دروست کردووە کە ھیچ گومان لەوەدا نییە بە ھۆی ئەو گرژییەوە خواستی جیھان لەسەر نەوت کەم ببێتەوە.

وەلید خدوری وتی: "ھێشتا زووە پێشبینی بۆ سیناریۆکانی دوای قۆناغی دووەمی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بکرێت، جگە لەوەش مامەڵەکردن لەگەڵ کەمکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ئێران لە نێوان یەک ملیۆن بۆ یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار لە رۆژێکدا ئاسانە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە لیبیاش فشاری بۆ سەر بازاڕەکانی نەوت دروست کردووە، بە تایبەتیش کە ھێشتا شەڕ و پێکدادان لە ناوچەکانی رۆژھەڵاتی ئەو وڵاتە درێژەیان ھەیە".

ــ "ئۆپێک و بەرھەمھێنەرانی سەربەخۆ نەوتی ئێران قەرەبوو دەکەنەوە"

شرۆڤەکاری کوێتی بۆ بازاڕەکانی نەوتی جیھان، ئەحمەد حەسەن کەریم پێیوایە کە رێکخراوی ئۆپێک و بەرھەمھێنەرانی سەربەخۆ بڕە نەوتی رۆژانەی ھەناردەکراوی ئێران بۆ بازاڕەکان کە بە دوو ملیۆن بەرمیل دەخەڵمێندرێت قەرەبوو بکەنەوە.

ئەحمەد حەسەن کەریم وتی: "تەنھا وڵاتانی بەرھەمێنەرانی نەوت لە گرژییەکانی ئێستا کە بازاڕەکان بە خۆوەی دەبینن، سوودمەندن و لەوانەیە بە ھۆی ئەو گرژییانەوە یەک بەرمیل خاوی برێنت بگات بە ١٠٠ دۆلار".

ئەو شرۆڤەکارەی کوێت ئاماژەی بەوەشدا کە زۆربەری شرۆڤەکاران و چاودێران پێشبینی ئەوە دەکەن، بە ھۆی فشارەکانی دۆناڵد ترەمپ تا ئەو کاتەی بەرھەمھێنانی نەوت زیاد دەبێت، نرخی نەوت کەمێک بەرز ببێتەوە و گوتیشی: "ئەگەر وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک و بەرھەمھێنەرانی سەربەخۆ بەرھەمھێنانی نەوت زیاد بکەن، ئەوە نرخی نەوت بەرز نابێتەوە وەک ھەندێک ئاواتی بۆ دەخۆزان".

لە میانی ھەفتەی رابردوودا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بەرزترین ئاستی چوار ساڵی رابردووی لە بازاڕەکانی جیھاندا تۆمار کرد و گەیشتە ٨٦ دۆلار و ٧٤ سەنت.

ــ بەڵێنەکانی سعوودیە

جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز ئالسعود لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی "بلۆمپرگ"ی ئەمریکی کە رۆژی ھەینی رابردوو بڵاوکرابوویەوە رایگەیاندووە کە سعوودیە بەڵێنەکانی لە بارەی قەرەبووکردنەوەی نەوتی خاوی ئێران لە بازاڕەکاندا جێبەجێ دەکات.

محەمەد بن سەلمان ئەوەیشی ئاشکرا کردبوو کە لە ئێستادا سعوودیە رۆژانە، ١٠ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێنێت و ئەگەر بۆ بازاڕ پێویست بێت، ئەوە دەتوانیت بەرھەمی نەوت لە رۆژێکدا. بگەیەنێتە یەک ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار بەرمیل.


PM:03:15:08/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 363 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌