ژاپۆن گەورەترین بازاڕی خۆراکی دەریایی داخست

بازاڕی "تسوکیجی" لە شاری تۆکیۆ پایتەختی ژاپۆن کە بە گەورەترین بازاڕ بۆ فرۆشتنی خۆراکی دەریایی لە جیھان دادەنرێت، دوایین فرۆشتنی ئاشکرای بۆ ماسی تونە ئەنجامدا بەر لەوەی دابخرێت و بگوازرێتەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە.

مێژووی بازاڕکە بۆ ٨٣ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە کە بە فرۆشتنی ماسی تونە ناسراوە.

بڕیارە لە ١١ی ئەم مانگە، بازاڕی نوێی "تسوکیجی" بۆ فرۆشتنی ماسی تونە لە ناوچەی تۆیۆسو لە شاری تۆکیۆ بکرێتەوە.

لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا، کاربەدەستانی ژاپۆن رایانگەیاندبوو کە دەستکراوە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی گواستنەوەی بازاڕی "تسوکیجی" کە بە یەکێک لە ناوچە گەشتیارییەکان لەو وڵاتە دادەنرێت.

لە ساڵی ١٩٣٥وە، بازاڕی "تسوکیجی" لە شاری تۆکیۆ کراوەتەوە و ماسی تونەی تیایدا دەفرۆشرێت.

ناوچە نوێیەکەی بازاڕی "تسوکیجی"، بریتییە لە دوورگەیەکی پیشەسازی.

لە ساڵی ٢٠١٦دا، بە ھۆی بانگەشە لە بوونی ماددەی ژەھراوی کە دەبێتە ھۆی شێرپەنجە لە ناوچە نوێیەکەدا، بڕیاری گواستنەوەی بازاڕی "تسوکیجی" داواخرابوو.



PM:04:42:07/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 329 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌