بانكى بازرگانى عێراق بانكێك دەکڕێت كه‌ چه‌ندان لقى لە وڵاتانی كه‌نداو هەیە


بانكى عێراق بۆ بازرگانى به‌ نیازه‌ بانكێكى كه‌نداو بكڕێت كه‌ چه‌ندان لقى له‌ ئیمارات و قه‌ته‌ڕ هه‌یه‌، به‌ ئامانجى ئه‌وه‌ى داهاتى دارایى خۆى له‌ ده‌ره‌وه‌ى عێراق زیاد بكات.

 فه‌یسه‌ڵ هه‌یمه‌س سه‌رۆك ئه‌نجوومه‌نى كارگێڕى بانكى عێراقى بۆ بازرگانى، ئاشكراى كردووه‌ ئێسته‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر كڕینى بانكێك ده‌كه‌ن كه‌ له‌ كه‌نداو كار ده‌كات و چه‌ندان لقى له‌ وڵاتانى كه‌نداو هه‌یه‌.

 سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى بانكى بازرگانى عێراق، ناوى ئه‌و بانكه‌ى ئاشكرا نه‌كردووه‌، به‌ڵام دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌ كرده‌ى كڕینه‌كه‌ شه‌ش تا هه‌شت مانگى پێ ده‌چێت.

 به‌رپرسانى بانكى بازرگانى عێراق چه‌ندان جاره‌ ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، ده‌یانه‌وێ لقه‌كانى بانكه‌كه‌یان زیاد بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێ له‌ ده‌ره‌وه‌ى عێراقیش داهاتى خۆیان زیاد بكه‌ن.

 بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ندان هه‌نگاویان ناوه‌، له‌وانه‌ لقێكى بانكه‌كه‌ له‌ سعوودیه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، دواتر له‌ مانگى ئاب/ ئۆگستس رایان گه‌یاند، به‌هۆى دابه‌زینى به‌هاى لیره‌ى توركی  پلانیان داناوه‌ بانكێكى توركى بكڕن.

بانكى بازرگانى عێراق، 25 لقى له‌ ناوه‌وه‌ى عێراق هه‌یه‌، نووسینگه‌یه‌كى نوێنه‌رایه‌تیشى له‌ ئه‌بوزه‌بى هه‌یه‌، %80ی كرده‌ بازرگانییه‌كانى عێراق له‌ رێى ئه‌م بانكه‌وه‌ ده‌كرێت، سه‌رمایه‌ بانكییه‌كه‌ى ئه‌م بانكه‌ نزیكه‌ى 20 ملیار دۆلاره‌.



PM:02:08:05/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 656 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌