لە سلێمانی نرخی کیلۆیەک تەماتە بۆ سێ‌ هێندە بەرزبووەتەوە


ماوەی چەند رۆژێكە نرخی تەماتە لە عەلوە و بازاڕەكاندا بەرزبوونەوەی زۆری بەخۆوە بینیوە، بەجۆرێك نرخی تەماتە دوو هێندە زیادی كردووە و بڕی تەماتە لە بازاڕەكاندا كەم بووەتەوە.

سەرۆكی لیژنەی سەندیكای عەلوەی سلێمانی، سەروەر عەلی لەو بارەیەوە راگەیاند "بە هۆی قەیرانی دارایی و دابەزینی بەهای دراوەکەی و بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاكان لەناوخۆدا، حكوومەتی ئێران بڕیاری قەدەغەكردنی هەناردەكردنی ئەو خۆڕاك و كاڵایانەی داوە كە لەناوخۆی ئێراندا گران بوون، لەنێویاندا تەماتەیە و ماوەی چەند رۆژێكە لە دەروازە سنوورییەكانەوە هێنانی تەماتە قەدەغەكراوە".

ئەو وتی: "بە هۆی ئەو بڕیارەی ئێران و نەهاتنی تەماتە لەو وڵاتەوە، لەئێستادا نرخی یەك كیلۆگرام تەماتە لەناو عەلوەی سلێمانی گەیشتووەتە هەزار و 300 بۆ هەزار و 500 دینار لە كاتێكدا پێشتر نرخی یەك كیلۆگرام تەماتە 400 بۆ 600 دینار بووە، ئەوەش یەكەمجارە نرخی تەماتە بەو شێوەیە لە بازاڕدا گران دەبێت و هیچ ساڵێك نرخەكەی هێندە بەرزنەبووەتەوە".

ئەو تەماتەیەی لەئێستادا لەناو عەلوەی سلێمانی و بازاڕدا مامەڵەی پێوەدەكرێت تەماتەی پێنجوێنە و لە بازاڕدا نرخی یەك كیلۆگرامی دەگاتە دوو هەزار دینار.

سەرۆكی لیژنەی سەندیكای عەلوەی سلێمانی ئەوەشی وت "پێشتر تەماتە لە ئێران و توركیاوە دەهاتە هەرێمی كوردستان و لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆشدا گومرک لەسەر بەرهەمی دەرەوە زیاد دەكرا بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ، بەڵام لەئێستادا تەماتەی ئێران بە شێوەیەكی زۆر كەم و بە رێگای قاچاخ دێتە ناوەوە و نرخێكی زۆر دەكەوێت، تەماتەی توركیاش بە نرخێكی زیاتر دەگاتە دەستمان كە نزیكەی هەزار و 500 دینار دەكەوێت".

ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، لەئێستادا رۆژانە زیاتر لە 200 تۆن تەماتە لە ناوچەی پێنجوێن بەرهەم دێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی بڕێكی زۆری رەوانەی شارەكانی دیکەی عێراق دەكرێت، ئەو بڕە تەماتەیە پێداویستی رۆژانەی ناوخۆی شارەكە پڕ ناكاتەوە.

سەروەر عەلی لەو بارەیەوە وتی: "رۆژانە پارێزگای سلێمانی پێویستی بە 150 تۆن تەماتە هەیە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی هاووڵاتییان، بەڵام بە هۆی رەوانەكردنی بۆ شارەكانی تری ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە، رۆژانە پێویستمان بە 300 تۆن تەماتە هەیە".


PM:07:55:04/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 725 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌