شازادەی جێنشینی سعوودیە هەوڵدەدات لە بری ئێران نەوت بۆ بازاڕەكانی جیهان دابینبکات


دوای پەێوەندی تەلەفۆنی ترەمپ لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعوودیە، میر محەمەد سەردانی كوێت دەكات بۆ زیاد كردنی هەناردەی نەوت بە مەبەستی سەقامگیری نرخ لە بازاڕەكاندا پێش هەڵبژاردنی كۆنگرێسی ئەمەریكی. ئەمە لە كاتێكدایە رۆژانە بەرهەمی نەوتی ئێران ڕوو لە كەمبوونەوە دەكات بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا.

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە سەپاندنی سزا ئابوورییەكان بەسەر ئێران لەلایەن ئەمەریكاوە كە نەوت سێكتەرە هەرە گرنگەكەیەتی، سعوودیە و كوێت ئامادەی خۆیان نیشاندا بۆ پڕ كردنەوەی كەمی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەهۆی رێگرییەكان لە هەناردەی نەوتی ئێرانی.

میر محەمەدی كوڕی سەلمان جێنشینی پادشای عەرەبستانی سعوودیە، بە سەردانێك گەیشتە كوێت و پرسی هەناردەی نەوت تەوەرێكی سەرەكی كۆبوونەوەكانی بوو لەگەڵ شێخ سەباح ئال سەباح ئەمیری كوێت.

هاوکات بڕیاردانی هەردوو وڵات لەسەر پڕكردنەوەی بڕی نەوتی هەناردەی ئێران بۆ بازاڕەكان كە بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا رێگری لێ دەكرێت، پێشبینی دەكرێت هەردوو وڵات بڕیاری ئەوە بدەن كە رۆژانە 500 هەزار بەرمیل زیاتر هەناردە بكەن، جگە لەمە پرسی كێڵگە نەوتییە سنوورییەكانی هەردوو وڵات تەوەرێكی تری كۆبوونەوەی نێوان هەردوو وڵات بوو.
 
بڕیاری سعوودیە و كوێت بۆ پڕ كردنەوەی هەناردەی ئێران لە بازاڕەكانی جیهانی لە كاتێكدایە نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت 83 دۆلاری تێپەڕاندووە كە هاوكاتە لەگەڵ دوا كۆبوونەوەی ئۆپیك و رووسیا كە تێیدا بڕیاری زیادكردنی هەناردەی نەوت نەدراوە كە ئەمەریكا داوای كرد بوو.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆنگرەی ساڵانەی نەتەوە یەكگرتووەكان جارێكی تر هەڕەشەی توندی لە وڵاتانی كەنداوی عەرەبی كرد بەوەی ئامادە نین نەوتی زیاتر هەناردەی بازاڕەكانی جیهانی بكەن و نەوت لەسەر ئەمەریكا گران دەكەن، رای گەیاند چیتر پشتگیری لە ئارامی و سەقامگیری ئەو وڵاتانە ناكات كە نەوت لەسەر ئەمەریكا گران دەكەن.

هەڕەشەكانی ترەمپ لە كاتێكدایە وڵاتەكەی نزیك دەبێتەوە لە هەڵبژاردنی نوێكردنەوەی نیوەی كۆنگرێس كە بڕیارەی مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت، چاودێران پێیان وایە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كاریگەری نەرێنی لە بەرژەوەندی دۆناڵد ترەمپ و پارتی كۆماری ئەمەریكا لێ دەكەوێتەوە، ئەگەری شكستی سیاسەتی سەپاندنی سزای ئابووریشی لێدەكەوێتەوە بۆ سەر ئێران بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

عەرەبستانی سعوودیە لە دوای كۆبوونەوەی ئۆپیكیش رای گەیاند وڵاتەكەی ئامادەیە نەوتی زیاتر هەناردەی بازاڕەكانی جیهان بكات، ئەگەر پێویست بكات، بەڵام پێدەچێت هەڕەشەكانی ئەمەریكا بە تایبەت دوای كشاندنەوەی چەند پارچەیەك لە سیستەمی دژە مووشەكی لە هەندێك لە وڵاتانی كەنداو ئەنجامی هەبوو بێت.

هاوكات سەردانەكەی جێنشینی عەرەبستانی سعوودیە بۆ كوێت دوای پێوەندییەكی تەلەفۆنی دێت دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دێت كە باسیان لە هەوڵەكان كرد بۆ سەقامگیر كردنی نرخی نەوت كرد بوو پێش هەڵبژاردنی نوێكردنەوەی نیوەی كۆنگرێس.
 
لە مانگی نیسان/ ئەپرێلی رابردووەوە رۆژانە 870 هەزار بەرمیل نەوتی ئێرانی بۆ بازاڕەكانی جیهانی كەمی كردووە و چاوەڕوانیش دەكرێت رۆژانە ئەو بڕە زیاتر ببێت.

لەم چوارچێوەیەدا محەمەد بن سەلمان هەوڵدەدات وڵاتانی ئەندام لە ئۆپیك هان بدات بۆ یارمەتیدانی عەرەبستانی سعوودیە لە زیاد كردنی هەناردەی نەوت بۆ پڕ كردنەوەی هەناردەی نەوتی ئێران كە كۆی گشتی رۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت دەبێت.




PM:04:28:01/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌