قەیرانی دارایی پڕۆژە زەبەلاحەکانی تورکیا ڕادەگرێت

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، بەرات ئاڵبایراک وەزیری دارایی و خەزێنەی تورکیا، کە هاوکات زاوای ڕەجەب تەیب ئێردۆغانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەشە پلانی وەزارەتەکەی بۆ ٣ ساڵی داهاتوو ڕاگەیاند.

ئاڵبایراک لە پلانەکەدا ڕایگەیاندووە کە هەموو ئەو پڕۆژە زەبەلاحانەی کە ڕێکارە یاساییەکانیان تەواو کردووە، بەڵام نەخراونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بۆ ماوەی ٣ ساڵ دەستپێکردنیان دوادەخرێت. جگە لەوەش هەموو ئەو پڕۆژانەی کە کاریان تێدا دەکرێت، ماوەی جێبەجی کردنیان بۆ درێژ دەکرێتەوە، بەهۆی هەبوونی کێشەی داراییەوە.

ئەوەی جێی سەرنجە لە پلانەکەی وەزارەتی دارایی تورکیادا، ڕاگرتنی پڕۆژەی کەناڵی گەورەی ئاویی ئیستەنبوڵە، کە یەکێکە لە پڕۆژە زەبەلاحەکانی تورکیا و ناوچەکە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژێرخانی ئابووری تورکیاوە هەیە، لە پلانەکەدا جێبەجی کردنی ئەو پڕۆژەیەش ب٣ ماوەی ٣ ساڵ دواخراوە.

پڕۆژەی کەناڵی ئاویی تورکیا پڕۆژەیەکە بۆ دروستکردنی بەربەستێک لەنێوان دەریای مارمارە و دەریای ڕەشدا، کە دریژییەکەی ٤٨ کمە و بە جێبەجی کردنی پڕۆژەکە تورکیا باج لە هەر کەشتییەک وەردەگرێت کە بە کەناڵەکەدا تێدەپەڕێت، بەوەش داهاتێکی باش بۆ تورکیا بەدەست دەهێنێت.

چاودێرانی ئابووری تورکیاش ئەو هەنگاوەی تورکیا بە بڕیارێکی هەڵە لەقەڵەم دەدەن، چونکە بڕیارە ئەو پڕۆژە زەبەلاحانە کە پەیوەندییان بە ژێرخانی ئابوورییەوە هەیە، لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە جیبەجێ بکرێن.

بەپێی پلانەکە بڕیارە کار لەسەر توانای ڕاستەقینە و سەرمایەی بانکەکان بکرێت و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت. بەڵام چاودێران دەڵێن کە کێشەی قەیرانی دارایی تورکیا سیاسییە و بەهۆی بۆچوونە سیاسییەکانەوە دروست بووە، بۆیە بەو جۆرە هەنگاوانە قەرەبوو ناکرێتەوە و ڕاست نابێتەوە، بەڵکو پێویستە دەمودەست ئەو قەرزانە بدرێنەوە کە بانکەکان توانایان بەسەردا ناشکێت، ئەوەش بە پلەی یەک دەکەوێتە سەر بانکی ناوەندی. لە بەشێکی تری پلانەکەدا ئەوە خراوەتە ڕوو کە لەمەودوا لەجیاتی وەبەرهێنان لە بواری نیشتەجێبووندا، کار لەسەر لایەنی پیشەسازی دەکرێت.


PM:12:17:25/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 417 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌