دوو پاڵاوگەی گەورەی هیندستان كڕینی نەوتیان لە ئێران وەستاند


دوو پاڵاوگەی كۆمپانیای چیان پێترۆلیۆمی هیندستان كە بۆ دابینكردنی پێداویستی سەرەكیی خۆی پشتی بە ئێران دەبەست، بڕیاری دا لە كۆتایی ئەم مانگەوە چیتر نەوت لە ئێران نەكڕێت.

پاڵاوگەكە لەوە دەترسێت سیستەمی دڵنیایی پاڵاوگەكانی لە دوای دەستپێكردنی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران بكەوێتە ژێر مەترسی و بۆ ئەوەی پاڵاوگەكە لە هەر جۆرە زیانێك بپارێزێت، بڕیاری داوە چیتر نەوت لە ئێران نەكڕێت.

ئەو تەنانەت گرێبەستێكی پێشووشی هەڵوەشاندەوە كە بڕیار بوو لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ یەك ملیۆن بەرمیل لە ئێران بكڕێت.

لە چواری تشرینی دووەمەوە ئەمەریكا قۆناغی دووەمی سزاكانی لە دژی ئێران دەست پێ دەكات كە بۆ سەر كەرتی نەوت و وزەیە و ئامانجیەتی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ سفر دابەزێنێت.

بەگوێرەی "رادیۆفەردا" كۆمپانیای "نەفتیران ئینتەر ترێد" كە لقی بازرگانی كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێرانە لە پاڵاوگە هیندییەكە خاوەنی 15.4%ی پشكەكانە.

 چنای پێترۆلیۆم خاوەنی دوو پاڵاوگەیە كە رۆژانە توانای پاڵاوتنی 230 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە و دوای كشانەوەی ئەو كۆمپانیایە لە نەوتی ئێران، دوو كڕیاری تری نەوت لە هیندستان ماون كە بریتین لە ماناگلۆر و كۆمپانیای نیشتمانی هیند.

بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران ماوەیەك لەمەوبەر ئاواتی خواست هیندستان بتوانێ رۆژانە نیو ملیۆن بەرمیل نەوتی لێ بكڕێت.





PM:03:39:20/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 235 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌