شاندێکی ئەمریکی لەگەڵ ژووری بازرگانی سلێمانی کۆبونەوە


بەمەبەستی گفتوگۆکردن دەربارەی ئابڵوقە ئابوریەکانی ئەمریکا لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران شاندێکی کونسوڵیەتی ئەمریکا سەردانی ژووری بازرگانی‌و پێشەسازی سلێمانی دەکەن.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی‌و یاسین ڕەحیم فەرەج و نەوزاد غەفور و جێگرانی سەرۆکی ژوور پێشووزیانکرد لە شاندی ئابوری کنسوڵیەتی ئەمریکا لە ھەولێر.

لەکۆبونەوەکەدا چەیس لۆبۆک ڕاوێژکاری ئابوری‌و بازرگانی لە کونسوڵیەتی ئەمریکا ڕایگەیاند: لەئێستادا ئێمە ئابوڵقەکانمان لەسەر کۆماری ئێران بەردەوامە کە بە دووبەش ئابڵوقەکانی سەر ئێران جێبەجێ دەکرێت، یەکەمیان لەمانگی ھەشتەوە دەستیپێکردووە و ئەیتریان لەمانگی یانزە دەستپێدەکات کەئەوەیان زۆر شتی دیکە دەگرێتەوە و ئابڵوقەکە قورستر دەبێت.

ڕاشیگەیاند: لەم ئابڵوقەیەدا دەمەنەوێت زیانەکانی بۆ سەر عێراق و ھەرێمی کوردستان کەمبێت ھەموو ھەوڵێکمان ئەوەیە کە بازرگانان بتوانن بەشێوەیەکی بێ زیان لێکەوتن کارەکانیان بکەن.

ئاماژەی بەوەشدا ھەموو بازرگانان ئاگادار دەکەینەوە کە ئەمریکا ناوی ئەو لایەن و کەسانە بڵاو دەکاتەوە کە مامەڵەی بازرگانیان نابێت لەگەڵدا بکرێت.

لای خۆشیەوە سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند: شاری سلێمانی سنورێکی فراوانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ھەیە بەو ھۆیەشەوە بۆتە دەروازەیەکی گرنگ بۆ کاری بازرگانی لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی ھەربۆیە ئابڵوقەکانی ئەمریکاش کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر شاری سلێمانی.

ڕاشیگەیاند: پێویستە  ئەمریکا ھاوکاری بازرگانانی سلێمانی بێت کە زیانی گەورەیان بەر نەکەوێت بەتایبەت لەکاتی ھێنانی کاڵاکان بەڕێگەی ترانزێت لەبەندەرەکانی ئێرانەوە کە تەنھا دەروازەیە بازرگانانی سلێمانی کاری لێوەدەکەن.


PM:12:45:20/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 2544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌