ڕاوێژکاری کشتوکاڵی ژوور: ئه‌مساڵ چه‌ندین کێشه‌ به‌رۆکی جوتیارانی کوردستانی گرتووه‌


ڕاوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نیت ''ئه‌مساڵ چه‌ند کێشه‌یه‌ک به‌رۆکی جوتیارانی هه‌رێمی کوردستانی گرت که‌ گرنگترینیان  بریتیه‌ له‌ گۆڕینی میکانزیمی وه‌رگرتنی گه‌نم، که‌ ماوه‌ی دوو ساڵه‌ به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 17 گه‌نم له‌جوتیارانی کوردستان وه‌رده‌گرێت، که‌ ساڵانی رابردوو هیچ بڕێک دیاری نه‌کرا بوو بۆ وه‌رگرتنی گه‌نم له‌ جوتیاران''.

وه‌سفی خه‌لیل، ڕاوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی رایگه‌یاند ''به‌رهه‌می دانه‌وێڵه‌ له‌شاری سلێمانی نزیکه‌ی 370 هه‌زا‌ر ته‌نه‌، که‌ نزیکه‌ی 300 هه‌زار ته‌نی گه‌نمه، که‌ حکومه‌تی عێراقی ئه‌و گه‌نمه‌ به‌ نرخێکی گرانتر له‌نرخی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ریده‌گرێت، به‌ڵام ئه‌م ماوه‌ی دووساڵه‌ به‌رێژه‌ی له‌سه‌دا 17 گه‌نم له‌جوتیارانی کوردستان وه‌رده‌گرێت، ئه‌م ساڵ بۆ شاری سلێمانی ته‌نها 114 هه‌زار ته‌ن گه‌نم ده‌ستنیشان کراوه‌ و وه‌رده‌گرێت''.

وه‌سفی خه‌لیل وتیشی ''ئه‌م ساڵ جوتیارانی شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری  ته‌نها 98 هه‌زار ته‌ن گه‌نمیان بردۆته‌ سایلۆکان که‌ ئه‌م رێژه‌یه‌ش زۆر که‌مه‌ چه‌ند هۆکارێکی هه‌یه‌، له‌وانه‌ جوتیارانی کوردستان باوه‌ڕیان به‌حکومه‌ت نه‌ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شائیسته‌ داراییه‌کانیان پێبدات که‌ له‌ساڵی 2016 پاره‌ی گه‌نمه‌کانیان وه‌رنه‌گرتوه، هۆکارێکی تر ئه‌وه‌یه‌ حکومه‌تی عێراق ئه‌بوایه‌ له‌به‌رواری 22/5‌ گه‌نمی له‌ جوتیارانی کوردستان وه‌ربگرتایه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ گه‌رمیان زووتر گه‌نم پێده‌گات به‌ڵام دواخرا بۆ 6/22 که‌ ئه‌م ماوه‌یه‌ش قه‌له‌قی لای جوتیاران دروستکرد و بووه‌هۆی ئه‌وه‌ی جوتیاران به‌رهه‌مه‌کانیان به‌په‌له‌ بنێرن بۆ باشور و ناوه‌راستی عێراق و به‌ نرخێکی که‌م به‌ بازرگانه‌ عه‌ره‌به‌کانی بفرۆشنه‌وه‌''.

وه‌سفی خه‌لیل راشیگه‌یاند ''ده‌بوایه‌ حکومه‌ت سایلۆ له‌ چه‌ند شوێنێکی جیاواز دابنێت به‌ڵام نه‌کرا ئه‌مه‌ش ئه‌رکی جوتیارانی کوردستانی قورس کردو بووه‌ هۆیی ئه‌وه‌ی که‌مترین گه‌نم راده‌ستی سایلۆکان بکرێت''.

ڕاوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد ئه‌م ساڵ چه‌ندین نه‌خۆشی به‌رۆکی گه‌نمی جوتیارانی کوردستانی گرت له‌وانه‌ ''نه‌خۆشی کوێرو نه‌خۆشی سن و کیسه‌ڵ و کوله‌'' که‌ بووه‌هۆی که‌م بوونه‌وه‌ی به‌رهه‌می گه‌نمی ئه‌مساڵ و له‌رووی کوالیتیشه‌وه‌ دابه‌زی که‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ سایلۆکان وه‌رنه‌گیرێت.



PM:12:47:19/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 685 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌