ئاسنگەرێكی سلێمانی وێنەی كەسایەتی و تابلۆكان لەسەر ئاسن دەنەخشێنێت

فوئاد عوسمان فەتحوڵڵای تەمەن 64 ساڵان دانیشتووی شاری سلێمانی-یە و ماوەی 51 ساڵە پیشەی ئاسنگەرە، تا ئێستاش لەنێو دوكانێكی بازاڕی شاری سلێمانی بەردەوامە لەسەر كارەكەی.

هەرچەندە پیشەی ئاسنگەری و هونەری وێنەكێشان دوو بواری جیاوازن، بەڵام ئەم ئاسنگەرە هەردوو بوارەكەی پێكەوە بەستووەتەوە و رۆژانە لەگەڵ ئەنجامدانی پیشەكەی و تەواوكردنی ئەو ئەركانەی لەسەرشانییەتی، وەك خولیایەك سەرقاڵی نەخشاندن و دروستكردنی وێنە و تابلۆیە بە شێوەیەكی جوان لەسەر ئاسن.

فوئاد عوسمان لەبارەی پیشەكەیەوە وتی: "لە ساڵی 1967 دوای ئەوەی وازم لە قوتابخانە هێنا، لەلای وەستایەكی ئاسنگەری دیاری ئەم شارە وەك شاگرد دەستم بە كاری ئاسنگەری كرد و فێری پیشەكە بوم، دوای 10 ساڵ دوكانێكی تایبەتیم بۆ خۆم كردەوە و وەك وەستایەكی ئاسنگەر دەستم بەكاركردن بۆ خۆم كرد".

ئەو وتی: "وێنەكێشان حەز و خولیایەكی تایبەتی خۆمە و هەر لەسەرەتاوە حەزم كردووە بە ئاسن وێنە و تابلۆ دروست بكەم، ماوەی 40 ساڵە ئەو خولیایەم هەیە و لەگەڵ ئەنجامدانی كارەكەمدا، رۆژانە وێنە و تابلۆ بە ئاسن دروست دەكەم". 

فوئاد زیاتر وێنەی كەسایەتی و نووسەر و شاعیرە دیارەكانی كورد و تابلۆی گوندەكانی بە ئاسن نەخشاندووە و دوای بینینی ئەو وێنانە لە رێگەی رۆژنامە و گۆڤارەكانەوە حەزی كردووە بە ئاسن دروستیان بكاتەوە، بەشێك لەو وێنانەشی كە گەیشتووەتە زیاتر لە 80 وێنە و تابلۆ لەنێو دوكانەكەیدا نمایش كردووە.

ئەو باس لەوەش دەكات، دروستكردن و نەخشاندنی وێنە و تابلۆ بە ئاسن كارێكی وردتر و زەحمەتێكی زیاتری دەوێت، ئەوەش وای كردووە هەندێكجار وێنەیەك بە هەفتەیەك دروست بكات.

سەبارەت بە سەرقاڵبوونی زیاتری بە وێنەكێشان و رێگری لەئەنجامدانی كارەكانی خۆی بەو هۆیەوە، فوئاد لە وەڵامدا دەڵێت "ئەم كارە حەز و خولیای تایبەتی خۆمە، ئەوەش وای كردووە رێگا لە پیشەكەی خۆم نەگرێت و رۆژانە لەگەڵ كارەكەمدا هەڵدەستم بە دروستكردنی وێنەكان".



PM:02:24:18/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 365 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌