له‌باره‌ی كه‌م بوونه‌وه‌ی كاره‌با ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌درێت



وه‌زاره‌تی‌ كاره‌با سه‌باره‌ت به‌ئاساییبونه‌وه‌ی‌ دۆخی‌ كاره‌باو  ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی كۆنترۆڵی كاره‌بای‌ هه‌رێم بۆ دابه‌شكردنی كاره‌با دایناوه‌ له‌م مانگه‌دا ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات،  وته‌بێژی‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش چه‌ند زانیاریه‌ك له‌باره‌ی‌ هۆكاری‌ ئاستی‌ كه‌مبونه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ وێستگه‌كان بۆ واده‌یه‌كی‌ كاتی‌ ئاشكراده‌كات و جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ركراوه‌".
 
ڕۆژی‌ 12ی‌ ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاره‌بای سلێمانی له‌ئاگاداریه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، بۆ ماوه‌یه‌كی‌ كاتی‌ به‌هۆی كاری چاكسازیی ئاسایی كۆمپانیا دانه‌غازو دابه‌زینی به‌رهه‌مهێنانی غاز، ئاستی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌وێستگه‌كان كه‌میكردوه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ به‌رنامه‌ی كاره‌بای نیشتیمانی وه‌ك خۆی جێبه‌جێنه‌كراوه‌.

له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ ئه‌ندازیار محه‌مه‌د ئه‌مین هه‌ورامی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی‌ هه‌رێم  ڕایگه‌یاند، "دروستبونی‌ كێشه‌ی‌ كه‌مبونه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌با له‌وێستگه‌كان ته‌نها بۆ واده‌یه‌كی‌ كه‌مبوو، تێستێك له‌وێستگه‌كانی‌ به‌رهه‌مهێنان ئه‌نجامدرا، چونكه‌ هه‌ندێك كێشه‌ له‌بۆری‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ وێستگه‌كه‌دا هه‌بوو".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ چاكرایه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ دڵنیابن كه‌ به‌باشی‌ چاكراوه‌ته‌وه‌، تێستی‌ بۆریه‌كه‌ كراو زه‌ختی‌ كاره‌با به‌رزكرایه‌وه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ به‌رهه‌می‌ كاره‌بای‌ وێستگه‌كان كه‌مكرایه‌وه‌.

وتیشی‌:"دوای‌ ئه‌و تێسته‌ هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌بوو، بۆیه‌ له‌ئێستادا پێدانی‌ كاره‌بای‌ نیشتیمانیش ئاسایی‌ بۆته‌وه‌و ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی‌ دانراوه‌ وه‌ك خۆی‌ جێبه‌جێده‌كرێت".


PM:02:00:14/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 293 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌