لە سلێمانی پێشانگایەکی دۆکیۆمێنتاری تایبەت بە کەسایەتییە دیارەکانی شارەکە کرایەوە

پێشانگاکە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و ھونەری سلێمانی بۆ کەسایەتییەکی دیاری شاری سلێمانی، محەمەد ئیبراھیم حەسەن لەنێو بینای سەرای سلێمانی کرایەوە، تیایدا وێنەی ئەو کەسایەتییانە نمایشکراون کە لە شارەکەدا دیارن و لە رابردوو ئێستادا خزمەتیان کردووە.

محەمەد ئیبراھیم ماوەیەکی زۆرە سەرقاڵی ئامادەکردن و کۆکردنەوەی وێنەی ئەو کەسایەتییانەی شاری سلێمانییە کە لە رابردوو ئێستادا خزمەتیان بە شارەکە کردووە و شوێن دەستیان لە سلێمانیدا دیارە.

ئەو وتی: "لە پێشانگاکەدا نزیکەی ٨٥ وێنەی کەسایەتییە دیارەکانی شارەکە نمایشکراوە کە بەشێکیان لە ژیاندا نەماون و بەشێکیشیان تا ئێستا لە ژیاندان، ئەو کەسایەتییانەش کەسایەتی دیاری شارەکەن و دەمانەوێت لەو رێگەیەوە نەوەی نوێ بە خزمەت و کارەکانی ئەو کەسایەتییانە ئاشنا بکەین".

پێشانگاکە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و لە رێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگاکەشدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و کەسایەتییەکانی شاری سلێمانی ئامادەی بوون.


PM:09:22:12/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌