"ئێران به‌ هۆی كۆمپانیای تۆتاله‌وه‌ 80 ملیار دۆلار زیانی به‌ركه‌وتووه‌"


ئه‌ندامی كۆمیسیۆنی بوودجه‌ و پلاندانان لە په‌رله‌مانی ئێران، حوسه‌ین عه‌لی حاجی ده‌لیگانی رایگەیاند، ئێران به‌درێژایی 16 ساڵ به‌ هۆی كۆمپانیای نه‌وتی تۆتاله‌وه‌ 80 ملیار دۆلار زیانی به‌ركه‌وتووه‌.

ده‌لیگانی ره‌خنه‌ی له‌ تۆتال گرت كه‌ له‌ ساڵی 2012دا به‌ هۆی سزاكانی ئه‌مریكا به‌سه‌ر ئێراندا له‌و وڵاته‌ كشایه‌وه‌ و دوای رێککەوتنی ئەتۆمی كه‌ له‌ ساڵی 2015دا له‌ نێوان ئێران و کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک واژووكرا دووباره‌ له‌گه‌ڵ ئێران ده‌ستیكرده‌وه‌ به‌ بازرگانی و وتی: "ئێران به‌درێژایی 16 ساڵ به‌ هۆی كۆمپانیای نه‌وتی تۆتاله‌وه‌ 80 ملیار دۆلار زیانی به‌ركه‌وتووه‌".

ئاژانسی هه‌واڵیی میزان سه‌ربه‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئێران بڵاویکردەوە، ده‌لیگانی له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ وه‌ستاوه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی ئێران له‌گه‌ڵ تۆتال كردوویه‌تی و رایگه‌یاندووه‌ "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و كۆمپانیایه‌ زۆرجار هاتووه‌ته‌ ئێران و رۆیشتووه‌ دووچاری هیچ زیانێك نه‌بووه‌، به‌ڵام وه‌زاره‌تی نه‌وت به‌بێ ماوه‌ سه‌رله‌نوێ رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایه‌ واژووكردووه‌".

ئێران لە دوای نزیکەی سێ ساڵ لە دانوستان لەگەڵ وڵاتانی هەمیشە ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایش سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (ئەمریکا، رووسیا، چین، بەریتانیا و فەڕەنسا) هەروەها ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەورووپادا کە بە دانوستانەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک دەناسرێت لە تەمووزی ٢٠١٥دا گەیشتە رێککەوتنی سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

ئەمریکا لە مانگی ئایاردا بە شێوەیەکی تاکلایانە کشانەوەی خۆی لە رێککەوتنەکە راگەیاندبوو، هەروەها وەزارەتی گەنجینەی ئەو وڵاتە ئاشکرایکردبوو لە رۆژی شەشی ئابەوە ئەو سزایانەی لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لەسەر ئێران هەڵگیراون، دووبارە بەسەریدا دەسەپێنرێنەوە.

کۆمپانیای فەڕەنسی بۆ نەوت و گازی سروشتیی تۆتال ئاشکرایکرد بە هۆی سزا نوێیەکانی ئەمریکاوە لە کێڵگەی گازی سروشتی پارسی باکوور لە کەنداو، دەکشێتەوە.


AM:10:54:12/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌