بەریتانیا ھەوکاری سلێمانی دەکات بۆ پرۆژەی بچوک


سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی پێشوازیکرد لە باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق و کونسوڵی بەریتانیا لە ھەولێر.

ڕۆژی سێشەممە ١٠/١١ سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی نەوزاد غەفور جێگری سەرۆک و د.سەلام عبدوڵا ڕاوێژکاری یاسای ژوور و سەرۆکی وەبەرھێنانی سلێمانی و سەرۆکی بەڵێندەران لقی سلێمانی، پێشوازیانکرد لە جۆن وەڵکس سەفیری بەریتانیا لە عێراق مارتن وار کونسوڵی بەریتانیا لە ھەولێر.

لە کۆبونەوەکەدا سیروان محەمەد ڕایگەیاند: ''شاری سلێمانی یەکێکە لەو شارانەی عێراق کە توانایەکی گەورەی ھەیە لە پێشخستنی کەرتی بازرگانی و وەبەرھێنان وە توانایەکی گەورەی ھەیە لە بازرگانیکردن لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ و ئەوروپیدا''.

ڕاشیگەیاند: ''ھەرێمی کوردستان لەڕوی پرۆژەی بچوک و مامناوەندەوە لاوازین چونکە حکومەت زۆر گرنگی بە پرۆژەی گەورە داوە وە قەرزی بانکی نەبووە بۆ پێدانی بە پرۆژەی بچوک بۆ یە ھیوادارین حکومەت پەیڕەوی یاسای پرۆژەی بچوک بکات''.

ئاماژەی بەوەشدا کە یاسای پاراستنی بەرھەمی ناوخۆیمان نەبووە بەڵام ئێستا چۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق و ھەرێم پێکەوە ئەو یاسایە جێبەجێ دەکەن.

دەربارەی کاری بازرگانی لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ سەرۆکی ژوور ڕایگەیاند: ''وەک شاری سلێمانی بازرگانیمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران زۆرە بەھۆی ھاوسنوریمان لەگەڵ یەکدا ئەمەش وایکردووە بازرگانانمان گرنگی زۆر بەو بازرگانییە بدەن چونکە ھاو سنورین پێکەوە ٪‏٨٠ بازرگانی لەگەڵ ووڵاتی ئێران دەکرێت.

دەربارەی کێشە گومرگیەکان سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا: ئێمە کێشەمان لەگەڵ بەغداد ھەیە کە ئەو کاڵایانەی ڕۆژانە دێتە کوردستانەوە لە سنورەکانەوە دواتر لە سەفرە گومرگ دەکرێتەوە کە ئەمەش کێشەی زۆری بۆ دروست کردوین.

جۆن وەڵکس، سەفیری بە ریتانیا لە عێراق لە کۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند: ''ئێمە دەمانەوێت ھاوکاری شاری سلێمانی بکەین لە رووی گەشەکردنی کەرتی بازرگانی پیشەسازی و وەبەرھێنان وە کۆمپانیا بازرگانیەکانمان لەگەڵ بازرگانانی شاری سلێمانی ئاشنابکەین''.

دەربارەی پەیوەندی بەریتانیا لەگەڵ ئێران ڕایگەیاند: پەیوەندی ئابوریمان لە گەڵ ئێران بەردەوامە کاری خۆمان دەکەین بەڵام لەگەڵ ئەوە نین کە دەست تێوەردانی لە عێراق دەکات و ئەو موشەکانەی ئاراستە ناوچەکە دەکات.

لەکۆتایدا کونسوڵی بەریتانیا لە ھەولێر ڕایگەیاند :ئێمە زۆرمان پێخۆشە ھاوکارتانبین لە بەرەو پێشبردنی پرۆژەی بچوک و مام ناوەند دەتوانین پشتیوانیتان بکەین بۆ ئەو پرۆژانەی کە ئێوە پێشنیاری دەکەن و جێگەی بۆ دادەنێن.


PM:12:48:11/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 905 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌