خۆپیشاندانەكان بەملیۆنەها دۆلار زیانیان هەبوو


لەخۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردووی پارێزگای بەسرە، بە بەهای ملیۆنەها دۆلار زیان بەو شارە گەیەنراوە.

محەمەد مەنسوڕی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە رایگەیاندوە، «لەماوەی خۆپیشاندانەكاندا بەشی زۆری فەرمانگەو دەزگا حكومیەكان كراونەتە ئامانج».

وتیشی:»زیانەكان خۆیان لەملیۆنەها دۆلار دەدەن، كە بەسوتاندنی كونسوڵخانەكان‌و بارەگای حزب‌و دەستەی حەشدی شەعبی‌و مۆڵ‌و ناوەندە بازرگانیەكان، بە سوتاندنیان زیانی گەورە تۆمار كراوە».

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە، ئەوەشی راگەیاندوە، رووداوەكانی بەسرە پیلانی نێودەوڵەتییەو دەستی دەرەكی لەپشتەوەیە.

هاوكات لەچوارچێوەی بڕیارە بە پەلەكانی حكومەتی عیراق بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پارێزگای بەسرە، سەعد حەدیسی وتەبێژی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاشكرایكرد، بڕی 425 ملیار دینار بۆ پارێزگای بەسرە خەرجدەكرێت ئەو بڕە پارەیەش لەچوارچێوەی ئەو سێ تریلیۆن‌و 500 ملیار دینارەدایە كە لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە بەڵێنی تەرخانكردنی بۆ بەسرە دراوە.

حەدیسی لە لێدوانە رۆژنامەوانیەكەیدا ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆی ئەو پارەیەی بۆ بەسرە تەرخانكراوە خەرج دەكرێت بەو مەرجەی پارێزگای بەسرە داوایەك ئاراستەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران بكات‌و تێیدا پرۆپۆزڵی جێبەجێكردنی چەند پڕۆژەیەك بخاتەڕوو.

ئەوەشی روونكردۆتەوە، بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانەی لەبارەی بەسرەوە دراون‌و تەرخانكردنی پارەی زیاتر بۆ پارێزگاكە، بڕیاردرا كە رێنمایی تایبەت دەربكرێت‌و گۆڕانكاری لە جێبەجێكردنی یاسای بودجەی ساڵی 2018دا بكرێت بۆ ئەو مەبەستە.

باسی لەوەشكردوە، تیمێكی وەزاری دەنێردرێتە بەسرەو لەوێ دەمێنێتەوە تا سەرجەم ئەركەكانی جێبەجێدەكات‌و دەسەڵاتی پێویستیشی پێدراوە كە دەتوانێت هێزە ئەمنی‌و چەكدارەكان رابسپێرێت بۆ جێبەجێكردنی یاسا تا بتوانن هاووڵاتیان‌و كەلوپەلی گشتی‌و تایبەتیش بپارێزن.


PM:07:30:09/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 82 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌