چەند گۆڕانکارییەک لە سیستەمی وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان کراوە




وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەژێر ناونیشانی "شاڕێی گەیشتن بەزانکۆ" سمینارێکی ئەنجامدا کە تیایدا چەند گۆڕانکارییەکیان لە سیستەمی وەرگرتنی قوتابییان خستەڕوو، ئەمەش وەکو ئاسانکارییەک بۆ قوتابیان بۆ گەیشتن بە زانکۆکاکان.

لە سمینارەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە دەرچووانی پۆلی ١٢ ئامادەیبوون بۆ گفتوگۆ لەبارەی رێنماییەکانی وەرگرتنی قوتابییان لە زانکۆ و پەیمانگاکان، چونکە تا ئێستا سیستەمی وەرگرتنی قوتابیان لە رێگای سەردانیکردنی بەڕێوەبەرایەتی وەرگرتنی ناوەندی و پڕکردنەوەی فۆڕم دەکرێت، بەڵام لەئێستا بەدواوە بەسیستەمێکی ئۆنڵاینەوە دەرچووان فۆڕمەکان پڕدەکەنەوە.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە دەرچووانی پار ساڵ، ئەوانەی ناویان نەگەڕاوەتەوە، ئەمساڵ دەتوانن جارێکی دیکە فۆڕمی زانکۆکاکان پڕ بکەنەوە و ئاشکرایشی دەکات کە لەم سمینارەدا سیستەمێکی نوێ رادەگەیەندرێت کە لەمەودوا دەرچووان لە رێگای ئۆنڵاینەوە فۆڕمەکان پڕ دەکەنەوە.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، عەباس ئەکرەم وتی: "ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم سمینارە بریتییە لە ناساندنی سیستەمەکانی وەرگرتن کە ئەوانیش بریتین لە زانکۆڵاین، راستەوخۆ بە کریدیت، پاڕاڵێڵ، خوێندنی ئێواران و خوێندنی تایبەت".

عەباس ئەکرەم وتی: "لەم سمینارەدا مەرج و رێنماییەکانی وەرگرتن، هەروەها چۆنیەتی پڕکردنەوەی فۆڕمی سیستەمە جیاوازەکان بۆ قوتابییان رووندەکرێتەوە بۆ ئەوەی کەمترین هەڵەیان هەبێت لەکاتی پڕکردنەوەدا".

سەبارەت بە چۆنیەتی گۆڕانکارییەکان و خاڵە بەهێزەکانی ئەم سیستەمە، عەباس ئەکرەم وتی: "گۆڕانکارییەکە ئەوەیە کە ئەمساڵ وەرگرتن هەموو بە شێوەی ئۆنڵاین دەبێت، هەروەها هەبوونی بابەتی هاوپەیوەند واتا ئەو دەرچووەی کە داواکاری پێشکەش دەکات بە هەند وەردەگیرێت، سیستەمی پاڕاڵێڵیش کراوەتە ئۆنڵاین".

لەبارەی چارەنووسی ئەو قوتابییانەی پۆلی ١٢ کە پارساڵ فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، بەڵام لە هیچ زانکۆ و پەیمانگەیەک ناوەکەیان نەگەڕاوەتەوە، عەباس ئەکرەم وتی: "بەپێی رێنماییەکان، دەرچووانی پار ساڵ ئەوانەی ناویان لە هیچ شوێنێک نەهاتووەتەوە، ئەوا دەتوانن ئەمساڵ بەهەمان شێوە جارێکی دیکە فۆڕم پڕبکەنەوە".

ماوەی دوو ساڵە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خەریکی پەیڕەوکردنی سیستەمی ئۆنڵاینە و ئەم سیستەمەش بەپێی قسەی بەرپرسانی وەزارەت، ئەمساڵ دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە و قوتابیان دەتوانن سەردانی وێبساتی وەزارەتی ناوبراو بکەن.



PM:03:07:08/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 119 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌