بەرەو تەواوكردنی پڕۆژەكان


بەهۆی قەیرانی ئابووری‌و دارایی لەهەرێمی كوردستان، ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری راگیران، بەشێكی زۆری پڕۆژەی پێویست‌و ستراتیژی بوون، ئێستاش دوای ئەوەی قەیرانی دارایی‌و ئابووریی بەرە‌و كۆتایی دەڕوات، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا پێش هەموو بەرنامەكان پڕۆژە راگیراوەكان دەستبەكارببنەوە بۆ تەواوكردنیان‌و لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمەوە پارەیان بۆ تەرخان بكرێ‌.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رۆڵی بەرچاو و كاریگەری هەیە لە بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەكان بەگشتی‌و پڕۆژەكانی دەڤەری سلێمانی‌و هەڵەبجە‌و گەرمیان‌و راپەڕین بەتایبەتی، بۆیە رۆڵی جێگری سەرۆكی حكومەت بەرز دەنرخێنرێ‌ لەم بوارەدا.

ئەو پڕۆژانەی كە بڕیاری لەسەر دراوە بۆ تەواو كردنیان، پڕۆژەی دوو سایدی (سەید سادق – پێنجوێن)ە، ئەو رێگایە جگە لەوەی رێگەی هاتوچۆی هاووڵاتیانی دەڤەرەكەیە، هاوكات رێگایەكی بازرگانیی نێودەوڵەتییە بۆ مەرزی باشماخ‌و بەرەو وڵاتی ئێران‌و بەپێچەوانەوە، هەروەها هاتوچۆی گەشتیاران لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان‌و بەپێچەوانەوە.

لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی سلێمانی بەڵێندەرەكان ئاگادار كراونەتەوە بۆ ئەوەی دەستبەكارببنەوە بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە‌و پارەش بۆ بەڵێندەران وەكو سلفە سەرف دەكرێ‌ كە بەڵێندەری ناوخۆیی‌و ئێرانی‌و توركین.

هەروەها چاكسازی لەڕێگەوبانی (سەید سادق – پارێزگای هەڵەبجە) دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاردراوە بەدەستبەكاربوونەوەی كاركردن لە پڕۆژەی بەهەشتی كەلار كە پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوونە بۆ توێژی مامۆستایانی قەزای كەلار دروست دەكرێت.

هەروەها پڕۆژەی گەشتیاری شارۆچكەی دوكان، خۆشبەختانە لەلایەن جێگری سەرۆكی حكومەتەوە رێوڕەسمی دەسبەكاربوونی كرایەوە كە لەلایەن گروپی كۆمپانیاكانی فاروقەوە جێەبجێدەكرێت‌و پڕۆژەیەكی زۆر گرنگە بۆ گەشتیاران‌و بوژانەوەی ژێرخانی ئابووریی لێدەكەوێتەوە.

 ئەمە جگە لە پڕۆژەی سایلۆی چەمچەماڵ ئەوەش پڕۆژەیەكی كاریگەرە بۆ گلدانەوەی بەرهەمی گەنم كە لەجووتیارانی سنوورەكە وەردەگیرێ كە ساڵانێكە كێشە بۆ وەرگرتنی گەنم لەو دەڤەرە دروستبووە.

تەواوكردنی پڕۆژەكان‌و تەرخانكردنی بودجە، جارێكی تر هەرێمی كوردستان بەرەو گەشە‌و ئاوەدانكردنەوە دەبات‌و پێدانی پارەی بەڵێندەرانیش سەدان كرێكار‌و كارگوزار دەخاتەسەر كار.

هاوكات دووبارە كۆمپانیا بەڵێنەدەرایەتیە ناوخۆییەكان‌و دەرەكیەكان لەهەرێمی كوردستان دەستبەكار دەبنەوە‌و پڕۆژە خزمەتگوزارییە پێویست‌و ستراتیژییەكان تەواو دەكرێن‌و دەخرێنە خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانەوە.

عەبدوڵڵا حاجی سەعید*
* یاریدەدەری سكرتێری گشتی بۆ كاروباری بازرگانی


PM:06:07:05/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 502 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌