ئه‌ردۆغان: "پێشنیازده‌كه‌ین به‌ دراوی خۆماڵی بازرگانی ئه‌نجامبدرێت"


سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایگەیاند "وابه‌سته‌بوونی بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تی به‌ دۆلاره‌وه‌ ئیدی وه‌ك به‌ربه‌ستێكی لێهاتووه‌ له‌به‌رده‌مماندا''.

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ وته‌یه‌كیدا له‌ "شه‌شه‌مین لووتكه‌ی سه‌رۆك ده‌وڵه‌تانی كۆنسه‌ی تورك" باسی له‌ گرنگیی ئابووریی جیهانی توركیی كرد له‌م ساڵانه‌ی دواییدا و گوتی: "ئاسیای ناوەڕاست جوگرافیایه‌كه‌ كه‌ خاوه‌نی نزیكه‌ی 70 ملیۆن دانیشتوانه‌، توانای وه‌به‌رهێنانیان به‌رزه‌، خاوه‌نی سه‌رچاوه‌ی مرۆیی پێگه‌یشتووی به‌رزه‌ و داهاتی نیشتمانیی ده‌گاته‌ 350 ملیار دۆلار، به‌ڵام ده‌بینین جیهانی توركی به‌هه‌مان قورسایی جوگرافی و دیمۆگرافی، نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و توانا ئابوورییه‌ نیشان بدات."

له‌ پێناو به‌ره‌وپێشبردنی تواناكان و به‌رزكردنه‌وه‌ی قه‌باره‌ی بازرگانیدا ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به‌ كۆمه‌ڵێك خاڵ دا و وتی "وابه‌سته‌بوونی بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تی به‌ دۆلاره‌وه‌ ئیدی وه‌ك به‌ربه‌ستێكی لێهاتووه‌ له‌به‌رده‌مماندا. ئێمه‌ له‌م بابه‌ته‌دا پێشبینی ده‌كه‌ین تواناكانمان له‌سه‌ر دراوی خۆماڵی چڕبكه‌ینه‌وه‌. چه‌رخه‌كه‌مان هه‌لی گرنگمان پێده‌به‌خشێت له‌به‌ره‌وپێشبردنی تۆڕه‌كانی گه‌یاندن و په‌یوه‌ندیدا. له‌وڕووه‌وه‌ گرنگی به‌ڕێڕه‌وی رۆژهه‌ڵات-رۆژئاوا ده‌ده‌ین كه‌ قه‌فقاس و ئاسیای ناوه‌ڕاست تێده‌په‌ڕێنێت و ده‌گاته‌ چین. گرنگترین به‌شی ئه‌م پڕۆژه‌ گرنگه‌ی به‌ رێگای ئاوریشمی مۆدێرن ناوده‌برێت، پڕۆژه‌ی هێڵی ئاسنینی باكو-تبلیسی-قه‌رسه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئازه‌ربایجان پێكه‌وه‌ جێبه‌جێی ده‌كه‌ین. به‌م جۆره‌ شه‌مه‌نده‌فه‌رێك كه‌ له‌ رۆژئاوای ئه‌ورووپاوه‌ ده‌كه‌وێته‌ڕێ، به‌بێ دابڕان ده‌چێته‌ كه‌ناراوه‌كانی خه‌زه‌ر و له‌ به‌نده‌ری ئاكتاوه‌وه‌ ده‌گاته‌ شه‌نگهای و سیئۆل. ئه‌م هێڵه‌ گرنگه‌ی گه‌یاندن، گرنگیی ده‌بێت بۆ خۆشگوزه‌رانیی گه‌له‌كانمان و به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمان".


PM:03:31:03/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 182 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌