ترەمپ هەرەشەی کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێکخراوی بازرگانی جیهانی ده‌كات


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هەرەشەی ئەوە دەکات وڵاتەکەی دەکشێنێتەوە لە رێکخراوی بازرگانی جیهانی.

ئەو هەڕەشانەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە هەفتەی رابردوو، ئەمەریکا ئامادە نەبوو لە دانیشتنی ئاسایی رێکخراوەکە کە لە جنێڤ رێکخرا تایبەت بە رێکخستنی بازرگانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و چارەسەرکردنی ناکۆکییە بازرگانیەکانی نێوان ئەمەریکا و چین و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا.
 
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی بلومێرگ وتی، "ئەگەر ئەوان خۆیان رێکنەخەنەوە، ئەوا من لە رێکخراوی بازرگانی جیهانیی دەکشێمەوە".

واشنتن رێکخراوی بازرگانی جیهانیی بەوە تۆمەتبار دەکات، کە پێشێلی سەروەرییەکانی ئەمەریکای کردووە بە دەرکردنی چەند بڕیارێک لە دژی ئەوان.

رێکخراوی بازرگانی جیهانیی(World Trade Organization:WTO) کە لە ساڵی ١٩٩٤ەوە لە لایەن وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی ئاسیایەوە رێککەوتنی لەسەر کراوە و بە بەردی بناغەی رێککەوتنی بازرگانی جیهانی دادەنرێت، بە بۆچونی ترەمپ" یەکێکە لە خراپترین رێککەوتنە  بازرگانییەکان کە تا ئێستا ئەنجامدرابێت" ئەوەش بەگوێرەی وتەکانی لە چاوپێکەوتنەکەی بلومێرگدا.

ئەگەر ئەمەریکا لەو رێککەوتنە بازرگانییە بکشێتەوە، چوارەم کشانەوەی خۆی لە رێککەتنە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دەدات لەسەر دەستی دۆناڵد ترەمپ، دوای کشانەوەی لە رێککەوتنی گۆڕانی کەش و هەوای پاریس و رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و کشانەوەی لە ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤ لە رێکەوتی ١٩ ی مانگی (حوزەیران/ شەش) ی ئەمساڵ.



PM:06:12:31/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 219 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌