عێراق به‌ به‌هاى 45 ملیار دۆلار گازى سروشتى به‌ فیڕۆ ده‌دات

پێگه‌یه‌كى جیهانى تایبه‌ت به‌ نه‌وت و ئابوورى ئاشكراى ده‌كات، ساڵانه‌ عێراق به‌ به‌هاى 45 ملیار دۆلار، گازى سروشتى به‌ فیڕۆ ده‌دات.

 پێگه‌ى گۆڵف نیوز كه‌ پێگه‌یه‌كى تایبه‌ت به‌ بازاڕى نه‌وت و كه‌رتى ئابوورییه‌، راپۆرتێكى له‌سه‌ر به‌ فیڕۆدانى گازى سروشتى عێراق بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.

 له‌ راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، هه‌موو وڵاتانى عه‌ره‌بى به‌رهه‌مهێنه‌رى نه‌وت، كۆشش بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌و گازه‌ به‌فیڕۆ نه‌چێت كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌رهێنانى نه‌وت ده‌سووتێنرێت، ته‌نیا عێراق نه‌بێت كه‌ بڕێكى یه‌كجار زۆر به‌ فیڕۆ ده‌دات.

له‌ ده‌قى راپۆرته‌كه‌ هاتووه‌، زیادبوونى سووتانى گازى سروشتى له‌گه‌ڵ زیادبوونى به‌رهه‌مى نه‌وتى عێراق زیادى كردووه‌، به‌شێوه‌یه‌ك جاران سێ ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هات، ئێسته‌ بووه‌ته‌ چوار ملیۆن و 500 هه‌زار، به‌مه‌ش به‌ فیڕۆدانى گازى سروشتى له‌ 13ملیار و 300 ملیۆن مه‌ترسێ جا زیادى كردووه‌ و بووه‌ته‌ 17 ملیار و 800 ملیۆن مه‌تر سێجا".

 پێشتر وه‌زیرى نه‌وتى عێراقى ددانى به‌وه‌ نابوو كه‌ گازێكى زۆر به‌ فیڕۆ ده‌چێت، به‌ڵام خه‌مڵاندنى پاره‌كه‌ى كه‌متر گوتبوو، به‌ڵام پێگه‌ ئابوورییه‌كه‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، به‌ به‌هاى 45 ملیار دۆلار گازى سروشتى به‌فیڕۆ ده‌چێت و داوا له‌ وه‌زیرى نه‌وتى عێراقیش ده‌كات پابه‌ند بێت به‌ به‌ڵێنه‌كه‌ى خۆى كه‌ گوتبووى تا ساڵى 2021 ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین.


PM:05:50:31/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌