که‌مال كلیچدار ئۆغڵو: ئه‌ردۆغان و پارته‌كه‌ى هۆکاری ته‌نگژه‌ى ئابوورى توركیان نەک قه‌شه‌کە



که‌مال كلیچدار ئۆغڵو سه‌رۆكى پارتى گه‌لى كۆمارى ئۆپۆزسیۆن له‌ توركیا ره‌خنه‌ له‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ده‌گرێت و پێی وایه‌ ته‌نگژه‌ى ئابوورى توركیا به‌هۆى سیاسه‌تى پارته‌كه‌ى ئه‌ردۆغانه‌وه‌ بووه‌ نه‌ك قه‌شه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌وه‌.

دوێنێ كه‌مال كلیچدار ئۆغڵو له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى پارتى گه‌لى كۆمارى ناسراو به‌ جه‌هه‌په‌" CHP " ره‌خنه‌ى توندى له‌ ئه‌ردۆغان و حزبه‌كه‌ى گرتووه‌ كه‌ هۆكار بوون بۆ ئه‌و ته‌نگژه‌ ئابوورییه‌ى ئێسته‌ توركیا به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ.

 له‌ كاتێكدا ئه‌ردۆغان زۆربه‌ى كێشه‌كانى ئابوورى توركیا بۆ سزاكانى ئه‌مه‌ریكا ده‌گێڕێته‌وه‌ و وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ى به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئابوورى توركیا تۆمه‌تبار ده‌كات، سه‌ركرده‌ى ئۆپۆزسیۆنى توركیا دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ته‌نگژه‌ى دیپلۆماسى نێوان ئه‌مه‌یكا و توركیا به‌شێكى بچووكه‌ له‌ ته‌نگژه‌یه‌گى گه‌وره‌تر.

به‌ پێى ئه‌و وتانه‌ى كه‌ پێگه‌ى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، كلچیدار ئۆغڵو گوتوویه‌تى، "ته‌نگژه‌ى ئابوورى توركیا و دابه‌زینى به‌هاى لیره‌ى توركى پێشتر هه‌بووه‌ و پێوه‌ندى به‌ گرتنى قه‌شه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌وه‌ نییه‌".

 له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت سه‌رۆكى جه‌هه‌په‌ له‌ قسه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت و ئاماژه‌ بۆ هۆكارى راسته‌قینه‌ ده‌كات كه‌ به‌ بڕواى ئه‌و، "له‌ ئه‌نجامى ئه‌و سیاسه‌ته‌ ئابوورییه‌ دروست بووه‌ كه‌ پارته‌كه‌ى ئه‌ردۆغان پێڕه‌وى ده‌كات".

 كلیچدار ئۆغڵو به‌ گاڵته‌وه‌ ده‌ڵێ، "ئێمه‌ هێزى ده‌ره‌كى به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ین كه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ئابوورى توركیا، ئایا هێزى بیانى بوو داواى له‌ ئێوه‌ كرد هه‌ر هه‌موو گرێبه‌سته‌ گه‌وره‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى دۆلار ئه‌نجام بده‌ن، ئایا هێزى بیانى بوو داواى له‌ ئێوه‌ كرد، ده‌وڵه‌ت بكه‌نه‌ گره‌نتى قه‌رزى ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى كه‌ سه‌ر به‌ حكوومه‌تن، قه‌رزه‌كه‌ش 123 ملیار دۆلاره‌".

ئه‌مساڵ به‌هاى لیره‌ى توركی به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵى رابردوو به‌ رێژه‌ى %40 له‌ به‌رانبه‌ر دۆلارى ئه‌مه‌ریكى دابه‌زیوه‌، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ى خراپى به‌سه‌ر ئابوورى توركیا هه‌بووه‌، چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ ده‌كرێت لێكه‌وته‌ى خراپتریشى به‌دواوه‌ بێت.

 پارته‌كه‌ى كلیچدار ئۆغڵو به‌ گه‌وره‌ترین پارتى ئۆپۆزسیۆن داده‌نرێت له‌ توركیا، ئه‌و له‌ لێدوانه‌كانى دوێنێى ئاكپارتى ده‌سه‌ڵات به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات كه‌ سه‌رجه‌م پرۆژه‌ گرنگه‌كانى توركیا به‌و كه‌سانه‌ ده‌دات كه‌ له‌ خۆى و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى نزیكن، سه‌رۆكى جه‌هه‌په‌ بۆ چاره‌سه‌ریش پێشنیارێك به‌ حكوومه‌ت ده‌دات.

 كلیچدار ئۆغڵو هانى حكوومه‌تى دا كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌نجوومه‌نى ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى توركیا ساز بكات، كه‌ له‌م ئه‌نجوومه‌نه‌دا حكوومه‌ت و رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى و سه‌ندیكاكان كۆ ده‌بنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا پلانێكى ئابوورى دابنرێت. 

 له‌ نه‌به‌ستنى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى ئابوورى توركیا، ئه‌م سه‌ركرده‌یه‌ى ئۆپۆزسیۆن به‌رپرسانى حكوومه‌ت تۆمه‌تبار ده‌كات و ده‌ڵێ، "به‌پێى ده‌ستوور ده‌بێت سێ مانگ جارێك ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه‌ كۆ ببێته‌وه‌ كه‌چى له‌ ساڵى 2009وه‌ كۆ نه‌بوونه‌ته‌وه‌".

وه‌ك ئاماژه‌ى بۆ كراوه‌، ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ ده‌سته‌یه‌كى راوێژكارییه‌ و له‌ ساڵى 2001 دامه‌زراوه‌ بۆ ئه‌نجامدانى رێككه‌وتن له‌سه‌ر پلانه‌ ئابوورییه‌كان و فه‌رمانگانى حكوومه‌ت و سه‌ندیكاى پیشه‌یى و كرێكارى و پیاوانى كار تێیدا به‌شدار ده‌بن.

جیا له‌ ئۆپۆزسیۆن، له‌ راپۆرتێكى فرانس پرێس ده‌ركه‌وتبوو كه‌ چه‌ند مانگێك به‌ر له‌ دروستبوونى ته‌نگژه‌ى دیپلۆماسى نێوان ئه‌مه‌ریكا و توركیا، هۆشدارى دراوه‌ته‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌وه‌ى ئابوورى توركیا به‌ره‌و ته‌نگژه‌ و كێشه‌ى گه‌وره‌ ده‌چێت.

 شاره‌زایان له‌ ئابوورى توركیا گوتوویانه‌ ئێسته‌ به‌هۆى كێشه‌ى قه‌شه‌وه‌ ئه‌ردۆغان خۆى له‌ به‌رپرسیارێتى ده‌دزێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ریكا و هێزه‌ ده‌ره‌كییه‌كان به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات كه‌ ئابوورى توركیا ده‌كه‌ن به‌ ئامانج بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆیان.





PM:02:56:30/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 197 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌