ئەمریكا ھۆشیاری دەداتە عێراق لەسەر بەردەوامبوونی بازرگانی لەگەڵ ئێران

ئەمریكا هۆشداری دەداتە عێراق بەوەی ئەگەرهاتوو پابەند نەبێت بە جێبەجێكردنی سزاكانی سەر ئێران، ئەوا خۆی رووبەڕووی سزا دەكاتەوە.

هیزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەربارەی لێدوانێكی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر بەردەوامبوونی بازرگانی وڵاتەكەی لەگەڵ ئێران رایگەیاند پێدەچێت ئەوانەی سیستمی سزاكانی ئەمریكا پێشێل دەكەن، خۆیان رووبەڕووی سزا بكەنەوە.

ناوێرت لە كۆنقرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ئاگادارن لە هۆشدارییەكانمان سەبارەت بە ئێران و بازرگانیكردن لەگەڵیدا، بۆیە بەردەوام دەبین لە بەسزاگەیاندنی ئەو وڵاتانەی كە بەهەرجۆرێك پێشێلكاری ئەو سزایانە بكەن كە بەسەر ئێرانیدا دەسەپێنین.

ئەم هۆشدارییەی ئەمریكاش دوای ئەوە هات كە عەبادی رایگەیاند وڵاتەكەی بەشێكی سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران لەبەرچاو دەگرێت و لە مامەڵەكانیدا لەگەڵ تاران دۆلار بەكارناهێنێت.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا بوو كە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بانكی ناوەندی عێراق سەرجەم بانكە بازرگانییەكانی ئاگاداركردەوە لە قەدەغەكردنی بەكارهێنانی دۆلار لەگەڵ ئێراندا.

عێراق ساڵانە بەبەهای زیاتر لە 6 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار، شمەك و پێداویستی لە ئێران دەكڕێت، هەروەها بازرگاییەكی فراوانی تایبەت بە خۆراك و ئۆتۆمبێل و پارچەی یەدەكیش لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.


PM:07:45:15/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 335 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌