بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار و یۆرۆ ژمارەی پێوانەیی لە دابەزیندا تۆمارکرد


بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار و یۆرۆ ژمارەی پێوانەیی لە دابەزیندا تۆمارکرد، ئەوەش بەهۆی گرژییەکانی نێوان واشنتن و ئەنقەرە، حکومەتی تورکیاش پێداگریی خۆی لە هاوسەنگکردنی بەهای لیرەدا نیشاندەدات، کەچی رۆژ بە رۆژ لیرە زیاتر بەهای خۆی لەدەستدەدات.

ئێستا بەهای یەک دۆلار 5.24 لیرەیە، ماوەی هەفتەیەکە لیرەی تورکی لە بەرامبەر دۆلار لە نێوان 4 بۆ 4.5% بەهاکەی لەدەستداوە، تەنانەت بەهای 1 دۆلار گەیشتە 5.42 لیرە.

دابەزینی بەهای لیرەی تورکی لە بەرامبەر دۆلار کاریگەری زۆری لەسەر کاری کارگەکان و رێژەی بێکاری لە باکووری کوردستان دروستکردووە، ئێستا رێژەی بێکاری بە گشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان گەیشتووە بە 10.8%، بەڵام رێژەکە بە دیاریکراوی لە باکووری کوردستان زۆر زیاترە و دەگاتە 20.16%. لە کاتێکدا 48% ماڵباتەکانی باکووری کوردستان لەژێر هێڵی هەژارین.

 لە سێ مانگی رابردوو کاتێک بەهای لیرە دابەزی، ژمارەیەک زۆر لە کارگەکانی باکووری کوردستان مایەپووچ بوونە، بەپێی راپۆرتە فەرمییەکانیش لە سێ مانگی رابردووەوە تاوەکو ئێستا 11 هەزار کارگەی بچووک مایەپووچ بوونە.

ئەمریکا و تورکیا لە چەند پرسێکدا ناکۆکن و بەتایبەتیش پرسی دەستبەسەرکردنی قەشە ئەمریکییەکە لە ئیزمیر گرژییەکانی زیاتر زیندووکردەوە، بەجۆرێک سەرۆکایەتیی ئەمریکا هەڕەشەی لە تورکیا کرد بەوەی ئەگەر قەشەکە ئازاد نەکات، سزای بەسەردا بسەپێنێت. ئەوەبوو تورکیا قەشەکەی ئازادنەکرد و بەدوایەوە بەهای لیرە زیاتر دابەزی.

پسپۆرانی ئابووریی تورکیا چەند خاڵێکیان وەکو چارەسەر خستەڕوو:

-دەستهەڵگرتن لە زیادەڕەوەی لە کەرتی گشتیدا
-خۆپاراستن لەو هەنگاوانەی قەرز لەسەر گەنجینەی دەوڵەت زیاددەکەن
-پێشگرتن لە هاوردەکاریی ئارەزوومەندانە و پێویستییە سێیەمینەکان
-کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی کە پێویستیان بە دراوی بیانییە و دەستخستنی دراوەکە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە
-دروستکردنی قەناعەت لای خەڵک لەبارەی گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانەیی کە هەڵاوسان بەرزدەکەنەوە.
-ئەنجامدانی هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتی چین بۆ هەنگاوی کرداری. 

هه‌ڵكشانی خێرای دۆلاری ئه‌مریكی له‌ به‌رامبه‌ر لیره‌ی توركی له‌ رۆژی 9-5-2018ـه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ئاشکرایکرد کە وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک دەکشێتەوە و سزا ئابوورییەکانی ساڵی 2015 بە بەهێزترین شێوە دەخاتەوە سەر تاران. به‌مه‌ش لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا خواست لەسەر دۆلار زیادیکرد. 





PM:01:00:08/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 1337 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌