وه‌ستایه‌كی پیتزای دیاربه‌كری لە ئەمریکا پاڵه‌وانی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ناوبانگ دەردەکات


وه‌ستای پیتزای دیاربه‌كری ، هاكی ئاكده‌نیز كه‌ له‌ شاری نیویۆرك ده‌ژی، به‌جارێك چوار خه‌ڵاتی سه‌ركه‌وتنی پێبه‌خشرا له‌ ئه‌مریكا.

هاکی ئاكده‌نیز كه‌ حه‌وت لقی هه‌یه‌ له‌ نیویۆرك به‌ناوی "Champion Pizza" و ناودارانی هۆڵیود زوو زوو سه‌ردانی دوكانه‌كه‌ی ده‌كه‌ن و به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ هاوكاری هه‌ژاران و بێ لانه‌كان ده‌كات، چوار خه‌ڵاتی سه‌ركه‌وتنی به‌ جارێك پێبه‌خشرا.

هاکی ئاكده‌نیز له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا به‌ "پاڵه‌وانی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی"، "رابه‌ر له‌ كۆمه‌ڵگادا" و "پێشه‌نگ له‌ جیهانی كار"دا ناوزه‌ندكرا و به‌ شیاوی خه‌ڵات دانرا، هه‌روه‌ها له‌ لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نیویۆركه‌وه‌ خه‌ڵات كرا به‌وه‌ی "خزمه‌تی نموونه‌یی پیشكه‌ش به‌ كۆمه‌ڵگا كردووه‌" و "له‌ كاره‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتنی بێ هاوتای به‌ده‌ستهێناوه‌".

هاوكات له‌ لایه‌ن ئەنجوومەنی شاری نیویۆركه‌وه‌ به‌ هۆی "سه‌ركه‌وتنه‌كانی و خزمه‌ته‌كانی له‌ فیداكاری كۆمه‌ڵگادا" خه‌ڵات كرا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ لایه‌ن نووسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ناوچه‌ی مانهاتان-ه‌وه‌ به‌ناوی "باشكردنی ئه‌و شاره‌ی تیایدا ده‌ژی و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی كۆمه‌ڵگا" خه‌لاتی پێبه‌خشرا.

سه‌باره‌ت به‌و خه‌ڵاتانه‌ی وه‌ریگرتووه‌ و چیرۆكی سه‌ركه‌وتنی له‌ ئه‌مریكا، هاكی ئاكده‌نیز  باسی له‌وه‌ كرد كه‌ له‌ ژیانیدا له‌سه‌ر بۆچوونی "بۆ وه‌رگرتن مه‌به‌خشه‌. به‌بێ چاوه‌ڕوانی به‌رامبه‌ری كار بكه‌ و هه‌وڵ بده‌. هه‌وڵ بده‌ ببیته‌ نموونه‌ بۆ ئه‌وانی دیكه‌ و ئیلهامیان پێبده‌ت" كاری كردووه‌.

هاکی ئاكده‌نیز باسی له‌وه‌ كرد كه‌ له‌ ساڵی 2001دا بۆ یه‌كه‌مجار چووه‌ته‌ ئه‌مریكا 96 رۆژ له‌ كه‌مپی بێ لانه‌ی Bowery Mansion ماوه‌ته‌وه‌ و له‌و ماوه‌یه‌دا خه‌یاڵی ئه‌وه‌بووه‌ كار بكات و هاوكاری دایكی بكات له‌ توركیا و خانووی بۆ بكرێت.

هاکی ئاكده‌نیز ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ به‌بیركردنه‌وه‌ له‌وه‌ی سه‌ره‌تا چی بۆ خێزانه‌كه‌ی بکات پاشان بۆ داهاتووی خۆی چی بكات كاری كردووه‌ و ده‌ستی به‌ هه‌ر كارێك كردووه‌ كه‌ ئه‌نجامیداوه‌ و وتی: "مرۆڤ گه‌ر بخوازێت هه‌موو شتێك ده‌كات".

هاکی ئاكده‌نیز به‌پێویستی زانی گه‌نجان کاربکەن و كاته‌كانیان به‌ خۆڕا به‌سه‌ر نه‌به‌ن و وتی: "ئاگاتان له‌ كات بێت، با كات به‌هاداربێت به‌لاتانه‌وه‌. شتێك نییه‌ به‌ناوی خۆزگه‌وه‌. دوێنێ دوێنێیه‌، كات بۆ سبه‌ی گرنگه‌".


PM:09:13:07/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 282 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌